لەهەولێر کۆنفرانسێکی تایبەت بەڕیگری کردن لە زیادەڕەوی بۆ سەر موڵکی گشتی بە بەشداری وەزارەتی ناوخۆ، شارەوانی و کشتوکاڵ بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ 5/7/2018 هەرسێ وەزارەتی کشتوکاڵ و شارەوانی و ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەتیان سەبارەت بە رێگری لە زیادەڕەویی و لابردنی لەسەر زەوی و زار و موڵکی دەوڵەت لە شاری هەولێر ئەنجامدا، و لەکۆنفرانسەکەدا کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند پێویستە یاسایەک بۆ رێگری لە زیادەڕەوی لە پەرلەمانی کوردستان دەربچێت کە رێگری بکات لە دیاردەکانی زیادەڕەوی بە هەموو جۆرەکانیەوە.
وهزیری ناوخۆ گوتی: ئەو یاسایە دەبێت بە تایبەت ڕێگری بکات لە زیادەڕەوی بۆ سەر زەوی و زاری شارەوانی و کشتوکاڵ و موڵکی حکومەت کە هەرێمی کوردستان بە گشتی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، زیانێکی زۆریشی بە سامان و موڵکی گشتی گەیاندووە.
راشیگەیاند زیادەڕەوی لەسەر موڵکی گشتی تاوانە، بەڵام یاسای عێراق بە نەرمی مامەڵەی لەگەڵ ئەو تاوانەدا کردووە، بە جۆرێک رێگای خۆشکردووە بۆ زیادبوونی، لە هەمانکاتیشدا رێگای داوە بە کڕین و فرۆشتنی زەویە زیادەڕەویەکان لە وڵاتدا.
باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی لە دوای ئازادکردنی عێراق چەندین رێگا لە هەرێم گیراونەتەبەر بۆ رێگریکردن لە زیادەڕەوی لە دادگاکان، بەڵام ئەو دیاردەیە لە پەرەسەندندایە.
گوتی چارەسەرەکانی زیادەڕەوی لە هەرێم سنورداربووە چەندین فاکتەر کاریگەری هەبووە لەسەری، بەشێکیان بە هۆی هێڵی هەژاریەوە بووە، بەشێکی تریشان بەهۆی لاوازی رێکارەکانی دەزگای داواکاری گشتیەوە، بەشێکیشیان پەیوەندی بە لاوازی یەکە کارگێڕییەکانەوە هەبووە.
لای خۆشیهوه وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، یاسای نەهێشتنی زیادەڕەویی کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکراوە، بۆ ئەو زیادەڕەویانەیە کە لەمەودوا دەکرێن نەک ئەوانەی پێشتر کراون.
نەورۆز مەولود لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە نەهێشتنی زیادەڕەویی ئاماژەی بەوەدا، ئەو زیادەڕۆییانەی کە پێشتر کراون، بەپێی دوو یاسای تر چارەسەردەکرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە پێشتر لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.