Erbil 24°C شەممە 12 تشرینی یەکەم 01:26

سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆن: پڕۆسەی ژماردنى دەنگەکان زیاتر لە مانگێک دەخایەنێت

سەربەرست مستەفا: ئەو پڕۆسەیە گۆڕانكاری زۆر لە ئەنجامی هەڵبژاردن دروست ناكات
کوردستان TV
100%

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند، سێشه‌ممه‌ى ئەم هەفتەیە دەست بە ژماردنی دەنگەكان بە ‌دەست دەكرێت. سەرۆكی  پێشووی كۆمسیۆنیش ڕایدەگەیێنێت، ئەو پڕۆسەیە زیاتر لە مانگێگ دەخایەنێت و گۆڕانكاریی گەورەیش دروست ناكات. 

سەربەرست مستەفا، سەرۆكی پێشووی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق،  ڕایگەیاند" دەستەی نوێی دادوەران كە بۆ كۆمسیۆن دانراون، دیارە جیاوازییان نەكردووە لە نێوان تانە و سكاڵادا، چونكە سكاڵاكان لە رۆژی دەنگدانن و تانەیش لەسەر ئەنجامەكانە، ئێستایش كە بڕیارە پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست لەم هەفتەیەدا دەست پێ بكات، هەرچەندە تەواوی دەنگەكان بە دەست هەژمار ناكەنەوە و تەنیا لە حەوت پارێزگا دەبێت و لە شاری كەركووك دەست پێ دەكەن لەگەڵ دەنگەكانی دەرەوە، بۆیە پێشبینی دەكەم هەژماركردنی دەنگەكانی ناوەوەی عێراق نزیكەی 14 رۆژ بخایەنێت، هەروەها جیاكردنەوەی دەنگەكانی دەرەوەیش لە نێوان 10 تا 20 رۆژی پێویستە، بۆیە ئەو پڕۆسەیە زیاتر لە مانگێك دەخایەنێت بە كاركردن لەسەر سكاڵا و تانەكان و ماوەی 10 رۆژیش لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەخایەنێت تا تەواوی دەكەن".

مستەفا ڕوونی دەكاتەوە" دوای تەواو كردنی ئەو پڕۆسەیە، دەبێت ئەنجامەكان بە ناو بۆ دادگای فیدڕاڵی ڕەوانە بكرێن، بۆیە پێشبینی ناكرێت 1 تا 5ی مانگی داهاتوو دادگای فیدڕاڵی ئەنجامەكان پەسەند بكات. بۆیە بە ڕای من ئەو پڕۆسەیە زۆر گۆڕانكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا دروست ناكات، لە هەندی پارێزگایش تەنیا كاریگەری لەسەر كاندیدەكان دەبێت و، ئەگەر‌ كاریگەری لەسەر ئەنجامی لایەنەكانیش بكات، كورسییەك یاخود دوو كورسی كەم یان زیاتر بكات، ئەمە ئەوپەڕی كاریگەرییە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.