Erbil 23°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 19:54

یادی چریکه‌ی کوردستان (حه‌سن زیرک) له‌ بۆکان به‌رز ڕاگیرا

٣٦٢١ گۆرانی هه‌یه‌
کوردستان TV
100%

یادی گۆرانی بێژی كورد چریكه‌ی كوردستان هونه‌رمه‌ند حه‌سن زیره‌ك  له‌ بۆكان به‌رز ڕاگیرا٤٦مین ساڵڕۆژی یادواره‌ی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی كوردستان، مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك، به‌ به‌شداریی ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كان و میوانه‌كان له‌ شاری بۆكان به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، دامه‌زراوه‌ی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ریی زیره‌ك، دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٥ی پووشپه‌ڕ، له‌ پاركی زیره‌ك هه‌ڵكه‌وتوو له‌ كێوی "ناڵه‌شكێنه‌" له‌ سه‌ر مه‌زاری مامۆستا زیره‌ك، به‌ به‌شداریی هونه‌رمه‌ندان، شاعێران، نووسه‌ران و هۆگرانی ناوبراو یادواره‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ هونه‌رییه‌ی به‌ڕێوه‌ برد.

له‌و یادواره‌یه‌دا، میوانێكی زۆر له‌ شاره‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور له‌ شاره‌ جیاوازه‌كاندا به‌شدار ببوون.

له‌ كۆڕیادی مامۆستا زیره‌ك، "سووسه‌ن حه‌سه‌نزاده‌"، نووسه‌ر و به‌رپرسی دامه‌زراوه‌ی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ریی زیره‌ك، وێڕای به‌خێرهاتنی میوانان، باسی له‌ گه‌وره‌یی مامۆستا زیره‌ك كرد و هیوای خواست كه‌ هه‌موو لایه‌ك بتوانن بۆ به‌ره‌وپێشخستنی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری كوردستان هه‌نگاو هه‌ڵبگرن.

له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا، مه‌هه‌ندیس "شۆڕش خالیدی" باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ به‌ته‌مان ناڵه‌شكێنه‌ی بۆكان بكه‌نه‌ شوێنێكی گه‌شتیاری.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا،  چه‌ند هونه‌رمه‌ندانێك وه‌كو "خالید حیسامی، ڕه‌سووڵ چووپانی، هه‌ژار حه‌سه‌نزاده، سمكۆ یووسفی، مامۆستا نامۆ و سه‌یدزاده‌ خاقان "پۆڵا" به‌ خوێندنه‌وه‌ی شێعر و هه‌روه‌ها ده‌نگخۆشه‌كانی وه‌ك عه‌لی فرووته‌ن، ئه‌میر بوخارایی و سه‌دیق شیرمحه‌ممه‌دی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌یان زیاتر ڕازانده‌وه‌.

حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانیبێژی ناوداری كورد، ھونه‌رمه‌ند و مۆسیقازانی سروشتی ساڵی ١٣٠٠ی هه‌تاوی، له‌ شاری بۆكان چاوی به‌ دنیا هه‌ڵێناوه‌. ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترین ھونه‌رمه‌ندانی كورد. به‌رچاوترین كاری ئه‌و كۆكردنه‌وه‌ی گه‌نجینه‌یه‌ك له‌ ھونه‌ری ئاواز و گۆرانی كوردییه‌ كه‌ به‌ ده‌نگی ئه‌و وتراوه‌ته‌وه‌.

زیره‌ك ٣٦٢١ گۆرانی هه‌یه‌، كه‌ به‌شی زۆری شێعری گۆرانییه‌كانی خۆی وتوویه‌تی، ناوبراو ساڵی ١٣٥١ی هه‌تاوی، له‌ ته‌مه‌نی ٥٠ ساڵیدا به‌ هۆی نه‌خۆشیی جه‌رگ و گه‌ده‌ بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایی له‌ ژیانی هونه‌ری كرد. .

سه‌رچاوه‌/ كوردپا

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.