یەکەم بارە نەوتی کەرکووک گەیشتە ئێران و لە کۆگاکانی شارۆچکەی دەڕەشاری پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتاڵکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەبەری لقی ئیلامی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران رایگەیاندوە یەکەم بارە نەوتی کەرکووک کە زیاتر لە 670 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بووە لە کۆگاکانی شارۆچکەی دەڕەشار بەتاڵکراوە.
عەلی چاغروەندی ، بەڕێوەبەری لقی ئیلامی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران رایگەیاند ، نەوتی کەرکووک بە تەنکەر و لەڕێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوی گەیێندراوەتە پارێزگای ئیلام.
بەگوتەی چاغروەندی، ئەم بارە نەوتەی کەرکووک بە 22 بارهەڵگر لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی"سواپی نەوتی خاو" لەنێوان وەزارەتەکانی نەوتی ئێران و عێراق گواستراونەتەوە.
بەپێی رێککەوتننامەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی نەوتی ئێران لە قۆناخی یەکەمی سواپی نەوتی خاوی کەرکووک، رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوتی ئەو پارێزگایە بۆ کۆگاکانی دەڕەشار دەگوازرێتەوە و لە قۆناخی دووەمیشدا ئەو ژمارەیە بۆ رۆژانە 60 هەزار بەرمیل بەرز دەکرێتەوە.
وەزارەتی نەوتی ئێران هەروەها رایگەیاندووە ، نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆرییەوە وەک سووتەمەنی دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەکانی باکووری ئەو وڵاتە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن و هاوكارى لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکارى لایهنێكى كوردى، پەلاماری شارى کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان داو دەستیان بە سەر ئهو ناوچانهدا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کردو نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون ، سهربارى ئهوهى چهندین دوكان و خانووى هاووڵاتیانى كوردیان لهو ناوچانه سووتاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.