مەسعود حەیدەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ (دەنگی ئەمریکا) رایگەیاندووە، پێشێلکاری لە هەموو ناوچەکانی عێراق لە هەڵبژاردن کراوە و پێویست دەکات جارێکی تر وردبینی بکرێتەوە ئەو گومانانەی لای خەڵک و لایەنەکان ھەن بڕەوێنرێنەوە تا ھەرکەس و لایەنێک مافی خۆی وەربگرێت“.
مەسعود حەیدەر ئاماژەی بە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، هەمووارەکە زۆر سەرپێیی بوو و بەپێی پێویست لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نەکرابوو.
ئەو پەرلەمانتارە، کە پێشتر ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بوو و دەستی لە ئەندامێتیی لەو حزبە و فراکسیۆنەکەی کێشایەوە، پێی وایە ئەو لایەنە کوردییانەی پشتگیریی هەموارکردنەوەکەیان کرد سازشیان بۆ لایەنە عەرەبەکان کردووە، ”من بۆخۆم ھاوکێشەکان دەزانم ڕەنگە سازش کرابێت لەنێوان کوردەکان و عەرەبەکان بەرامبەر ئەوەی عەرەبەکان پشتگیری ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە بکەن ئەوانیش پشتگیری ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی ئاوارەکان بکەن“.
مەسعود حەیدەر هەروها رایگەیاندووە، هەوڵی لایەنە کوردییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگی تایبەت (پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان)ی کوردستان بۆ بەرژەوەندیی کەسیی و حزبی بووە.
هەروەک ئەو پەرلەمانتار بەبێ ناوهێنان ئاماژەی پێ داوە، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردندا دەنگیان نەهێناوە و بە پشتگیریکردنی هەمواری یاساکەی پەرلەمان ویستیان کاریگەریی لەسەر دەنگەکانی پارتی و یەکێتی دروست بکەن و بە رەتکردنەوەی دەنگدانی تایبەت، دەنگی ئەو دوو حزبەش کەم بکەنەوە.
مەسعود حەیدەر جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بە گوشار، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕگەیەکیان بۆ یاسا هەموارکراوەکە زیاد کرد، کە تێیدا مەرجی ئەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە دانرا، ”ئەگەر دەرکەوت ساختەکاری هەبووە“.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.