بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە 9ـی حوزەیرانی 1985ـدا ڕژێمی بەعس زۆر دڕندانە ئۆردۆگای ئاوارەكانی زێوەی بوردومان كرد و ژمارەیەكی زۆری ژن و منداڵ و خەڵكی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.
سەرباری ئەو كارەساتە گەورەیەی كە لەو ڕۆژەدا بەسەر میللەتەكەماندا هات بەڵام ئەوە ڕۆژێكی گرنگ و پڕ لە وانەیە لە مێژووی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەكەماندا.
كارەساتی زێوە وانەیەك بوو بۆ هەموومان و دۆستەكانمان، قارەمانێكی وەك دایكە ئامینا كە جەرگسووتاو بوو و پارچە گۆشتی منداڵەكانی كۆ دەكردەوە، سەربەرزانە ئەو وانەیەی دا كە ئەگەر دوژمن لەتلەتیشمان بكات بەڵام هەرگیز خۆ ناچەمێنین و لە فەرهەنگی خەباتی گەلی كوردستاندا خۆبەدەستەوەدان نییە. ئەوە ڕێگەی ئازادیخوازیی میللەتێكی مەزلوومە، ئازادی باجی دەوێ و دەبێ قوربانی بدەین و نائومێد نەبین و بەردەوام بین و تەسلیم نەبین.
كارەساتی زێوە وانە بوو بۆ دوژمنیش كە چەندە زاڵم و دڕندە بێ بەڵام ناتوانێ ئیرادەی گەلەكەمان بشكێنێت و ئەوە سەركەوتنی ڕاستەقینەی میللەتەكەمانە بەسەر دوژمنی بێ ویژدان.
لە یادی ئەو كارەساتەدا پارچە گۆشت و جەستەی پیرۆزی لەتلەتكراوی منداڵانی زێوە هەرگیز لەبیر ناكەین و چرای خەبات و كۆڵنەدانی ئێمەن.
سڵاو لە شەهیدانی زێوە و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، سڵاو بۆ خۆڕاگری و قارەمانێتی دایكە ئامینا و هەموو خانەوادە و دایكە شەهیدانی كوردستان.
مسعود بارزانی
9ـی 6ـی 2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.