ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆگا و به‌نداوه‌كانی ئاو له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ئاودێری هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند:دروستكردنی به‌نداو له‌سه‌ر رێڕه‌وه ئاوییه‌كان كه ده‌ڕژێنه خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كاریگه‌ری زۆری هه‌یه، چونكه ئه‌و سه‌رچاوانه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی به‌نداوه‌كانی هه‌رێمن.
ئه‌و گوتی: له میانی یه‌ك ساڵدا و به‌راورد به ساڵی رابردوو ئاوی ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان یه‌ك ملیار مه‌ترسێجا كه‌می كردووه و له ئێستادا ئاوی ئه‌و ده‌ریاچه‌یه بۆ یه‌ك ملیار‌و 330 ملیۆن مه‌ترسێجا دابه‌زیوه، هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ش بۆ دروستكردنی به‌نداو دێت له‌سه‌ر رووباری سیروان له لایه‌ن ئێرانه‌وه.
به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان (ده‌كه‌وێته دووری 66 كیلۆمه‌تر باشووری رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی) له ساڵی 1958 دروستكراوه و توانای گلدانه‌وه‌ی سێ ملیار مه‌ترسێجا ئاوی هه‌یه، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی ئه‌م به‌نداوه رووباری سیروانه كه له ئێرانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته چه‌ندین به‌نداو و تونێلی له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه دروستكردووه و مه‌ترسی دروستكردنی كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر به‌نداوه‌كه هه‌یه.
ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د هه‌روه‌ها گوتی: ئاستی ئاوی به‌نداوی دوكان له ئێستادا، چوار ملیار‌و 630 ملیۆن مه‌ترسێجایه، ئاوی ئه‌م به‌نداوه به به‌راورد به به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كه‌متر دابه‌زیوه و له چاو ساڵی رابردوو ته‌نها 20 سانتیمه‌تر كه‌می كردووه.
به‌نداوی دوكان (ده‌كه‌وێته دووری 70 كیلۆمه‌تر باكووری سلێمانی) ساڵی 1959 له‌سه‌ر رووباری زێی بچووك دروستكراوه، توانای گلدانه‌وه‌ی نزیكه حه‌وت ملیار سێجا ئاوی هه‌یه، ئه‌م به‌نداوه‌ش به‌هۆی دروستكردنی به‌نداوێك له نزیك شاری سه‌رده‌شتی ئێران و گلدانه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووك مه‌ترسی گه‌وره‌ی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ی هه‌یه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆگا و به‌نداوه‌كان گوتی: هه‌رێمی كوردستان توانای گلدانه‌وه‌ی 10 ملیار مه‌ترسێجا ئاوی هه‌یه، له‌ماوه‌ی رابردوودا 14 به‌نداوی گه‌وره و بچووك دروستكراون بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو، هه‌روه‌ها 19 به‌نداوی تریش له جێبه‌جێكردندان، به‌ڵام به هۆی قه‌یرانی دارایی و نه‌مانی بوودجه‌وه كاره‌كانی ئه‌و پڕۆژانه وه‌ستاون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.