Erbil 13°C شەممە 18 کانوونی دووەم 12:15

یه‌کێتى تۆپی پێی کوردستان چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌کى نوێی ده‌رکرد

چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌كى نوێی ده‌ركرد
کوردستان TV
100%


 رۆژى شه‌ممه‌ 2018/6/2 یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانى، كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى به‌ست و چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌كى نوێی ده‌ركرد، كه‌ ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ن:

1- یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان، سوپاس و پێزانین و پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م به‌شداربووان و ئه‌وانه‌ى پاڵپشت و هاوكار بوون له‌ خولى نایابى كوردستان و خولى پله‌یه‌كى كوردستان و خولى پله‌دووى كوردستان بۆ وه‌رزى 2017/2018 ده‌كه‌ین، هیوادارین وه‌رزى 2018/2019 ـى سه‌رجه‌م خوله‌كانى و چالاكییه‌كانى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان، كارى باشتر و جوانتر پێشكه‌ش به‌ هه‌وادارانى تۆپی پێی كوردستان بكه‌ین و، رووى جوانى وه‌رزشى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى جوان و شارستانى پیشانى كوردستان و جیهان بده‌ین، پیرۆزبایی له‌م یانانه‌ ده‌كه‌ین:
• یانه‌ى زێره‌ڤانى ـ پله‌ى یه‌كه‌م و پاڵه‌وانى خولى نایابى كوردستان.
• یانه‌ى برایه‌تى ـ پله‌ى دووه‌م له‌ خولى نایابى كوردستان.
• یانه‌ى دهۆك ـ پله‌ى یه‌كه‌م و پاڵه‌وانى خولى پله‌یه‌كى كوردستان.
• یانه‌ى ئاكرێ ـ پله‌ى دووه‌مى خولى پله‌یه‌كى كوردستان.
• پیرۆزبایی له‌ یانه‌كانى (دهۆك، ئاكرێ، پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى و ده‌ربه‌ندیخان) ده‌كه‌ین، به‌ بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ریزى یانه‌ى پله‌نایابه‌كانى كوردستان بۆ وه‌رزى 2018/2019.
• پیرۆزبایی له‌ یانه‌كانى (ئاسۆ، رزگارى، خانه‌قین و شێخان) ده‌كه‌ین، به‌ بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ریزى یانه‌ى پله‌یه‌كه‌كانى كوردستان بۆ وه‌رزى 2018/2019.

2- ئه‌نجامدانى یارییه‌كانى دوو گه‌ڕى كۆتایی له‌ خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت:
• رۆژى چوارشه‌ممه‌ 2018/6/6 له‌ كاتژمێر 4:30 ئه‌نجام ده‌درێت.
• رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 2018/6/10 له‌ كاتژمێر 4:30 ئه‌نجام ده‌درێت.

3- مه‌راسیمى رێزلێنان و خه‌ڵاته‌كانى خولى نایابى كوردستان بۆ وه‌رزى 2017/2018، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 2018/6/7 له‌ كاتژمێر 10:00 ـى شه‌و له‌ شارى دهۆك به‌رێوه‌ ده‌چێت.

4- دواى ئه‌نجامدانى تیروپشك بۆ یاریگه‌، بریارماندا یارى كۆتایی خولى یانه‌ پله‌دووه‌كانى كوردستان، كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ى ئاسۆ و رزگارى ده‌بێت، دواى جه‌ژنى ره‌مه‌زانى پیرۆز له‌ یاریگه‌ى رزگارى ئه‌نجام بدرێت، یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى خۆى رۆژ و كاتى یارییه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات.

5- پێكهێنانى لێژنه‌یه‌ك له‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌رێزان (سه‌لام حوسێن، ته‌ڵعه‌ت سه‌عدوڵڵا و سیروان نه‌جمه‌ددین)، بۆ ده‌ستنیشانكردن و لێكۆڵینه‌وه‌ لە كێشه‌ و گرفته‌كان و، ئه‌وانه‌ى هەوڵیان داوە خولەکان ناشیرین بکەن و گومانیان لێ دەکرێت یارییان به‌ ئه‌نجامى یارییه‌كان کردبێت، هه‌روه‌ها كاركردن بۆ ده‌ستنیشانكردنى خاڵه‌ به‌هێزەکان و لاوازەکانی وه‌رزى 2017/2018 ـى سەرجەم چالاکییەکانی یەکێتی تۆپی پێی كوردستان و ئاماده‌كردنى راپۆرتێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كێتییەکەمان.

6- ده‌ستنیشانكردنى به‌رێز (سه‌لام تاهیر) به‌ سكرتێرى لێژنه‌ى قوتابخانه‌كانى تۆپی پێی كوردستان.

7- پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ى سه‌رۆك و ئه‌ندامانى یه‌كێتى تۆپی پێی عێراق ده‌كه‌ین، به‌ بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتن و ده‌رچوونیان له‌ هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتى تۆپی پێی عێراق، به‌ تایبه‌ت پیرۆزبایی له‌ به‌رێز (عه‌بدولخالق مه‌سعوود) ده‌كه‌ین، به‌ بۆنه‌ى دووباره‌ ده‌رچوونه‌وه‌ى به‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى تۆپی پێی عێراق، به‌ هیواین هاوكار و هه‌ماهه‌نگى باشتربێت، بۆ پێشكه‌وتنى تۆپی پێی عێراق و كوردستان.

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.