Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 10:21

7 هەنگاوی ئاسان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکرەی خوێن لە بەیانیاندا

100%

بەرزبوونەوەی ئاستی شەکرەی خوێن لە بەیانیاندا دیاردەیەکی باوە، چونکە جەستە هەندێک هۆرمۆن دەردەدات کە یارمەتی بەخەبەرهاتن دەدەن، بەڵام پەیڕەوکردنی چەند خوویەکی سادە دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ئاستێکی تەندروست بۆ شەکرەی خوێن.

ماڵپەڕی (Verywell Health)  7 خووی بەیانیانی دەستنیشان کردووە کە دەبنە هۆی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی کتوپڕی شەکرەی خوێن:

1. دەستپێکردنی ڕۆژ بە پڕۆتین: پڕۆتین یارمەتی چاککردنەوەی ماسولکەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکرە دەدات. خواردنی نانی بەیانی کە دەوڵەمەند بێت بە پڕۆتین، هەستیاریی خانەکان بۆ ئەنسۆلین زیاد دەکات و پڕۆسەی هەرسکردن خاو دەکاتەوە، ئەمەش ڕێگرە لە بەرزبوونەوەی کتوپڕی شەکرە.

2. خواردنی ڕیشاڵەکان (Fiber): ڕیشاڵەکان جۆرێکی ئاڵۆزن لە کاربۆهیدرات کە یارمەتی جێگیرکردنی ئاستی شەکرە دەدەن. سیستەمێکی خۆراکیی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ هەستیاریی ئەنسۆلین باشتر دەکات. گرنگترین سەرچاوەکانی بریتین لە: سەوزەوات، میوە، پاقلەمەنییەکان، دانەوێڵە تەواوەکان و چەرەسات.

3. وەرزشی بەیانیان: چالاکیی جەستەیی بەردەوام یەکێکە لە باشترین ڕێگەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە. تەنانەت پیاسەکردن بۆ ماوەی 10 خولەک دوای نانی بەیانی، یارمەتیدەر دەبێت لە سووتاندنی گلوکۆز و دابەزاندنی ئاستی شەکرە.

4. شێدارکردنەوەی جەستە و خواردنەوەی ئاو: کەمیی شلەمەنی لە جەستەدا دەبێتە هۆی خەستبوونەوەی خوێن، ئەمەش ئاستی گلوکۆز بەرز دەکاتەوە. پێشنیار دەکرێت فۆراو دوای بەخەبەرهاتن ئاو بخورێتەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان و ئاستی شەکرە.

5. کەمکردنەوەی کافاین: کافاین (لە قاوە و چایدا) دەکرێت کاردانەوەی فشار لە جەستەدا چالاک بکات و ئاستی شەکرە بەرز بکاتەوە. شارەزایان ئامۆژگاری دەدەن کە بڕی کافاینی ڕۆژانە لە 400 میلیگرام زیاتر نەبێت، کە یەکسانە بە 2 بۆ 3 کوپ قاوە.

6. بەڕێوەبردنی فشارە دەروونییەکان: فشاری دەروونیی درێژخایەن دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی هۆرمۆنی کە شەکرە بەرز دەکاتەوە. ئەنجامدانی ڕاهێنانی هەناسەگرتنی قووڵ، خوێندنەوەی کتێب، یان نوسینی کارە ڕۆژانەکان دەکرێت فشاری دەروونی کەم بکەنەوە.

7. خەوێکی تەندروست و پێویست: نەخەوتن یان تێکچوونی خەو دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرگریی ئەنسۆلین لە خانەکاندا. زۆربەی کەسانی پێگەیشتوو شەوانە پێویستیان بە 7 بۆ 9 کاتژمێر خەو هەیە بۆ ئەوەی جەستەیان بە باشی مامەڵە لەگەڵ شەکرەدا بکات.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.