لەسەر دەنگۆى ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکانى وەزارەتى پێشمەرگە بەرپرسى ڕاگەیاندنى وەزارەتی پێشمهرگه گوتی: پێویستە پابەندى یاسابین و پاش چوارساڵ لەشەڕ دەبێت پێداچونەوە بە کارەکانى وەزارەتەکە هەبێت.
لە راگەیەنراوێکدا ھەڵگورد حیكمەت، بەڕێوهبەری راگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: ماوەی چەند رۆژێکە بەشێوەیەکی بەرچاو دەنگۆی ئاڵوگۆڕ لە وەزارەتی پێشمەرگە بووە بە باسی فەیسبوک و ماڵپەڕەکان، کە لەوانەیە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ساڵانێکی زۆرە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ لە نێوان پۆستەکاندا نەکراوە.
ڕاشیگەیاند: هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و خودی خۆم بەتایبەت ئاڵوگۆر لە وەزارەتەکە بە شتێکی ئاسایی دەبینین و ئەنجامنەدانیشی بەکارێکی نایاسایی دەزانین و دوای نزیکەی نۆ ساڵ و بەتایبەت دوای چوار ساڵ لە شەڕ ناکرێت بەخۆداچونەوە نەکرێت.
جەختیشیکردەوە، پێویستە ئاڵوگۆڕەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەک هەر سوپایەکی تر بە ئاسایی وەربگرین و لەکات و ساتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و پێویستە ئەم پرسە پاکێجێکی فەرمانگەی چاکسازی بێت بۆ ئایندەی وەزارەتەکە.
بەڕێوهبەری راگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایکرد، هەموو ئەوانەی ئاڵوگۆڕ دەیانگرێتەوە جگە لە جێبەجێکردنی یاساو ئسوڵێکی سەربازی هیچی دیکە نییە، ئەوانەی کە شوێنی ئەو کەسانە دەگرنەوە کە شوێنەکانیان بەجێدەهێڵن هیچییان زیاتر نییە لەوان، بەڵکو دوای تەواوکردنی ماوەی خزمەتیان ڕۆژێک دێت ئەوانیش ئەو پۆستە جێبهێڵن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.