لە شەوی ڕابردووەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووكی گرتووەتەوە و بەو هۆیەشەوە ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ بڕاوە، سەرباری ئەوەیەیش بە هەزاران ماسی و بەرهەمەكانی كەوتنە وشكانی و زیانی گەورەیان بەركەوت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاندووە، بەیانی ئەمڕۆ ئێران ئاوی زێی بچوكی گرتووەتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە و بەهۆیەوە كێشە بۆ ئاوی خواردنەوەی شاری قەڵادزە دروستبووە و ئاوی خواردنەوە دابەش نەكراوە.
هاوکات بەپێی ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە گرتنەوەی ئاوەکە بووەتەهۆی ئەوەی هەزاران ماسی لەناوبچن.
لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە: گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك لەكاتێكدایە 1ی حوزەیران كاتی بەردانەوەی ئاوە نەوەك گرتنەوەی، هەرێمی كوردستانیش لەو بەروارە ئاو بۆ خواروو و ناوەڕاستی عیراق بەردەداتەوە، بەڵام بەداخەوە كۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی بەردانەوەی ئاو هەڵساوە بە گرتنەوەی و ئەمەش بۆ دووەم جارە ئاو دەگرێتەوە.
هاوكات دووپات لەوەیش كراوەتەوە كە بەڕێوەبەری گشتی بەندا و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پێوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.