Erbil 24°C ھەینی 04 تشرینی یەکەم 08:30

گوتەبێژی پارتی: پۆستی سەرۆک کۆمار هی کوردە نەک یەکێتی

گوتەبێژی پارتی: وا بڕوات لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق سەقامگیری دەکەوێتە مەترسییەوە
کوردستان TV
100%

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەدان بەپێی یاسا و دەستوور پێداچوونەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بکرێت و لەبارەی هەوڵەکانی ئێستای پەرلەمانی عێراقیشەوە گوتی، بەشێکی پەیوەندی بە لایەنە دۆڕاوەکانەوە هەیە، هاوکات سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش کە خۆی دەرنەچووە ئەو هەوڵانە دەدات.

مەحموود محەممەد لە میانەی چاوپێکەوتنێکی راستەوخۆی کەناڵی ئاسمانی رووداودا، سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێداچوونەوەی دەنگەکان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی چەندین سندووقی وڵاتانی دەرەوە، رایگەیاند، بەشێکی پەیوەندی بە لایەنە دۆڕاوەکانەوە هەیە، هاوکات سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش کە خۆی دەرنەچووە ئەو هەوڵانە دەدات، هاوکات ئەوەشی گوت، وەک پارتی ئامادەن بەپێی یاسا و دەستوور دەنگەکانی هەرێمی کوردستانیش هەمووی بە دەست جیا بکرێنەوە.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای بوونی گومانیان لە دەرەنجامی هەڵبژاردن، کە لە هەندێ شوێن دەستکاری کراون، روونی دەکاتەوە، بەشێکی تری ئەو هەڵڵایەی لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم هەن، بەشێکی خەتای حیزبەکانی کوردستانە و دەیانەوێت پرۆسەکە سووک بکەن، گوتیشی: "ئەوان زیاتر بوونەتە پێشڕەوی لە بەغدا و دەیانەوێت ناوبانگی هەرێمی کوردستان بزڕێنن، چونکە دەنگیان کەمی کردووە و پێیان هەزم ناکرێت و بۆ رەواندنەوەی لایەنگر و ئەندامانیان ئەوە دەکەن، ئەوەی کە هەیە دەستوور و یاساکان لە بەرچاومانە بۆ پێداچوونەوەی دەنگەکان، لاریمان نییە، بەس لە پەنای دۆڕاندنی هەندێ خەڵک، بیانەوێت گێچەڵ بە هەرێمی کوردستان بکەن، قبووڵ ناکرێ و رەنگدانەوەی خراپی دەبێت، بۆ هەر رووداوێک قسەیەکمان دەبێت".

سەرسوڕمانی خۆیشی لە سوتاندن و هەژمارنەکردنی چەندین سندووقی مووسڵ و ئاوارەکان و شنگالییەکان بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە ئەوان نایانەوێت لیستێکی کورد لە مووسڵ یەکەم بێت، ئەوەش غەدرێک بوو لە کورد و شنگالییەکان.

سەبارەت ئەگەری کاردانەوەی هەوڵەکان لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن، مەحموود محەممەد گوتی: "سەقامگیری دەکەوێتە مەترسییەوە، بە تایبەت لە ناوەڕاست و باشوور نەک هەرێمی کوردستان، ئێمە لەگەڵ ئەوەین کۆمسیۆن لە چوارچێوەی یاسا چارەی بکات، هاوکات لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی یاسایی، نەك تەنیا بە ئامانجگرتنی لایەنێک بێت، هیچ لاریمان لەوە نییە بە دەست هەموو دەنگەکان بژمێردرێنەوە".

سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، مەرجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد، کە هەریەکە لە "شەراکەت"ـی راستەقینە و "تەوافوق" و "تەوازن" دەبێت لە کابینەی نوێدا هەبێت، کە لە پێشتردا ئەوە نەبووە، گوتیشی: "چەند بابەتێکە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، کە ئەو لایەنە دەبێ شەراکەتی ئەم وڵاتەی قبووڵ بێت، دووەم، ئەو کارانەی دەکرێت بە تەوافوق بێت، نەک زۆرینە، سێیەمیش تەوازنە لە پۆست و پلەکان، نەک وەک ئێستا کە لایەنی شیعی هەمووی بەڕێوە دەبەن".

جەختیشی کردەوە، "لەگەڵ هەر لایەنێک گفتوگۆمان کردبێ، پێمانڕاگەیاندروون کام لایەن لەگەڵ ئەم سێ چەمکەی ئێمە نزیک بێت، ئەوا لەگەڵ ئەو لایەنە نزیک دەبین، هۆکاری سەرقاڵیی لایەنەکانیشی بە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە وایکردووە، کە جارێ گفتوگۆی جیددی لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتەوە نەکرێت، کاتێ حەسم کرا، ئەو کات لەسەر پێکهێنانی حکوومەت دەبێتە باسی جیددی."

پۆستی سەرۆککۆماریش یەکێکە لە پرسەکانی دیکەی لایەنە کوردییەکان، بە تایبەت یەکێتی و پارتی، لەوبارەوە مەحموود محەممەد رایگەیاند، "با ئەوە بۆ خەڵکی کوردستان راست بکەینەوە، ئەو پۆستە هیی کوردە، نەک یەکێتی، چەند ساڵێکیشە ئەو پۆستە کە لای یەکێتییە بە رێککەوتن بووە، هەڵبەت خودی یەکێتییش ئەو رێککەوتنەی نەهێشتووە، بۆیە دەبێ لایەنەکان گفتوگۆی لەسەر بکەن، ئێستا هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ یەکێتی لەبارەی ئەو پۆستەوە نەکردووە، ئەوە دەمێنێتەوە سەر گفتوگۆی لایەنە کوردستانییەکان، کە چۆن و کێ دەبێت، بێ لایەن بێ، حیزبی بێ، یا کەسێکی بە توانان بێت و رۆڵی هەبێت بۆ چارەکردنی کێشەکان."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.