بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال ڕایدەگەیێنێت، بە هۆی ئەوەی ستەمێكی زۆر لە خەڵكی شنگال و زوممار كرا و رێگە نەدرا هیچ كاندیدێكی پارتی لەو سنوورانە دەربچێت، بڕیار دراوە لە شوێنی دیكە پۆست بەو كاندیدانە بدرێت.
لە هەڵبژاردنی 12ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراقدا، زۆربەی دەنگی ئاوارەكان لە سنووری شارۆچكەی شنگال هەژمار نەكران و ستەمێكی گەورە لە كوردانی ئێزدی كرا، ئەمەیش وای كرد كە خەڵكی سنووری شنگال و زوممار نەتوانن هیچ نوێنەرێكیان بۆ پەرلەمانی عێراق سەر بكەوێت.
قادر قەچاغ، بەرپرسی لقی17ی پارتی لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: " تا ئێستا ئەنجامی ئەو سكاڵایانەی ئێمە تۆمارمان كردبوون، یەكلا نەكراونەتەوە و چاوەڕێی ئەنجامەكان دەكەین، چونكە ستەمێكی زۆر لە خەڵكی شنگال و زوممار كراوە و، مەبەستەكەیش زیاتر سیاسی بوو كە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بوو و بە ئەنقەست وایان كرد، بۆ ئەوەی پارتی نەبێتە یەكەم، چونكە ئەگەر ئەو كارەیان نەكردایە، پارتی لە مووسڵ دەبوو بە یەكەم و ئەو پارێزگایەیش دەكەوتە دەست پارتییەوە، بەڵام ئەمەیان كرد بۆ رێگریكردن لەو كارە".
قەچاغ گوتیشی: "20 ڕۆژ كارتی دەنگدانیان دوا خست و سێ رۆژ فەرزیان نەكرد و دواتریش هیچیان حیساب نەكرد، ئەمە بووە هۆی ئەوەی هیچ كاندیدێكی ئێمە سەر نەكەوێت لەو سنوورە، كە بێگومان ستەمێكی گەورە بوو لەو خەڵكە كرا".
بەرپرسی لقی17ی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەروەها باسی لەوەش كرد: "لەبەر ئەوەی هیچ كاندیدێكی سنووری شنگال و زوممار دەرنەچوونە، داوامان كردووە هەندێك پۆست بە خەڵكی ئەو ناوچانە بدرێت لەجیاتی ئەوەی ستەمیان لێ كراوە و دەرنەچوون، بۆ ئەو مەبەستەیش ناوی چەند كەسێكمان بۆ سەركردایەتیی خۆمان بەرز كردووەتەوە، ئینجا پۆستەكان لە هەرێم بن یاخود بەغدا یانیش مووسڵ، گرینگ پێویستە هەندێك پۆستیان پێ بدرێن، چونكە پارتی هیچ كات پشت لە خەڵكی شنگال و زوممار ناكات و بەردەوام لەگەڵیاندا دەبێت".
ئەو بەرپرسەی پارتی، دەشڵێ: "دۆخی شنگال زۆر خراپە و تا ئێستا 20%ـی خەڵكی ئێمە لەوێ ماون و بۆشایی ئەمنی و ئیداری هەیە، ئەوانەیش كە دانراون ناشەرعین و ئیدارەی شەرعییش ناگەڕێتەوە تاوەكو ئەم دەستەڵاتە لەوێ هەبێت و، لە ژێر سێبەری ئەواندا دەوام ناكەن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.