بەرپرسێكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتی" سبەی سێشهممه، پارتی وەك قەوارەیەكی سیاسی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، خۆی تۆمار دەكات و دەشڵێت، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا، زیاتر لە سەدهەزار دەنگی پارتی لە مووسڵ هەژمار نەكراون و لە نەتەوە یەكگرتووەكان و دادگای باڵای ئیتیحادی سكاڵامان تۆمار كردووە.
دوای دەرچوونی مەرسوومی فەرمی لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، بڕیار درا رۆژی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و لە دوێنێ یەكشەممەیشەوە كۆمسیۆن ئامادەكاری بۆ تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان دەكات.
هاوار محەممەد، بەرپرسی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دەرگای خۆتۆماركردنی بۆ قەوارە سیاسییەكان كردەوە، ئێمەیش وەك پارتی فۆڕمی خۆ تۆماركردنمان لە كۆمسیۆن وەرگرتووە و بڕیارە سبەی سێشەممە وەك قەوارەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان خۆمان لە كۆمسیۆن تۆمار بكەین، ئەمەیش پێویستی بە هەندێ رێكاری یاسایی هەیە بۆ هەر قەوارەیەكی سیاسی كە دەیەوێ خۆی تۆمار بكات و سەرقاڵی خۆئامادەكردنین، داتا و بەڵگەنامەی پێویستیش حازر دەكەین و خۆمان تۆمار دەكەین".
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت: "ئێمە وەك دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە چەند رۆژی داهاتوویشدا لەگەڵ ئۆرگانەكانمان لە لق و شوێنەكانی دیكە زیاتر چالاك دەبین بۆ ئەوەی پلانی پارتی جێبەجێ بكرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.