هه‌ر كاتێ ناوی ئامێره فوودارهكان به تایبه‌تی شمشاڵ بێته پێشه‌وه، ئه‌وا بێ یه‌ك و دوو ناوی شمشاڵژه‌نی لێهاتوو و بلیمه‌ت (قاله مه‌ڕه) ی كۆچكردووش وه‌ك ناوێكی به‌رز و پیرۆز دێته پێشه‌وه.
ئه‌و مرۆڤه‌ی كه له ڕۆژگارێكی ته‌مه‌نیدا زۆر به كاریگه‌رییه‌وه شمشاڵه‌كه‌ی به هه‌ردوو لێوه‌كانی ده‌گرت و خۆشترین ئاوازی ڕه‌سه‌ن و كوردانه‌ی ده‌چڕی و گوێژكهی هه‌موومانی پڕ ده‌كرد له‌و ئاوازه به جۆش و خرۆشه‌ی كه هه‌موو كه‌سێك حه‌زی لێ ده‌كرد و به په‌رۆشه‌وه تێكه‌ڵ به هه‌ست و هۆشی ده‌بوو، كه‌چی به داخێكی زۆره‌وه ئه‌مڕۆ نۆ پایزی ته‌واوه (قاله مه‌ڕه) ی مامۆستای شمشاڵ بار‌و بارگه‌ی خۆی تێك ناو بۆ هه‌تا هه‌تایه كۆچی دوایی كرد و ئێمه و شمشاڵهكهشی به‌بێ نازی جێهێشت، بۆیه له‌و ساته وه‌خته‌دا و تا به ئێستاش ده‌گات كه‌سێك نیه هاوتای ئه‌و شمشاڵ بگرێته ده‌ست و ئاوازی ڕه‌سه‌ن و كوردانه‌مان بۆ بچڕێ و كه‌مێك خه‌می كۆچی دوایی ئه‌ومان بیر بباته‌وه.
به‌ڵێ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه هونه‌رمه‌نده ڕه‌سه‌نه كارێكی هه‌روا ئاسان نیه و كاتێكی فره‌ی پێویسته تا هه‌موو ژیان و هونه‌ره ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی شه‌ن و كه‌و بكه‌ین و به هه‌موو لایه‌كی ئاشنا بكه‌ین، چونكه ئه‌و به‌هۆی ئه‌و شمشاڵه‌وه چه‌ندین خه‌ڵاتی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتوه، هه‌روه‌ها گرنگی شمشاڵه‌كه‌ی ئه‌و له ئاستێكدایه كه پسپۆڕان و شاره‌زایانی بواری موزیك نه ته‌نیا نه‌یانتوانیوه له باسكردنی ئاستی هونه‌ری (قاله مه‌ڕه) خۆ ببوێرن به‌ڵكو وه‌ك بلیمه‌تێك باسیان لێوه كردوه، چونكه له زۆربه‌ی فیستیڤاڵه هونه‌رییه گرنگه‌كاندا حزوری هه‌بوه و شانازیی گه‌وره و مه‌زنیشی پێ به‌خشراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه زۆر جێگای ڕێز و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه هه‌ڵوێستێكی كوردانه و مه‌ردانه‌ی (قاله مه‌ڕه)ی ڕهحمهتیه كه له پێش مردن و كۆچی دوایدا خۆی وه‌سیه‌تی كردبوو كه خه‌می گه‌وره‌ی شمشاڵهكهیهتی و ده‌بێ ڕێزی لێ بگیرێ و له موزه‌خانه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر دایبنێن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه له‌به‌رچاوان بێت و یادی بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ڕی وه‌فاداری و خۆشه‌ویستی بۆ شاری هه‌ولێر و هونه‌ر و شمشاڵه‌كه‌ی، ماوه‌ته‌وه بڵێین (قاله مه‌ڕه) ناوی ته‌واوی (قادر عه‌بدوڵڵا زاده) یه و كه‌سێكی دیار و به‌رچاو بوو له شمشاڵژهنیدا و له شاری بۆكانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات چاوی بۆ دنیا هه‌ڵهێناوه و هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوییه‌وه ئاشق و ئه‌وینی شمشاڵژه‌نی كه‌وتۆته سه‌ر و له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامێره‌دا ئاشنایه‌تیه‌كی به‌تینی په‌یدا كردوه و هه‌میشه له‌گه‌ڵیدا ژیاوه تا ئه‌و كاته‌ی له ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌ن كۆچی دوایی كردوه و لێی جیا بۆته‌وه، بۆیه هه‌زاران سڵاو بۆ ڕۆحی پاكی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئازیز و به سه‌لیقه ده‌نێرین.
ن/ محه‌مه‌د سه‌عید كورده
كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.