Erbil 17°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 16:35

هونه‌رمه‌ندێکی غه‌مگین

نه‌ له‌ ڕێزگرتنێك نه‌ شه‌قامێكی به‌ناوكرا
کوردستان TV
100%

له‌ ساڵانی حه‌فتا، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوێنێ بێت، وا له‌ بیرمه‌، ته‌له‌ڤیزیۆنی كه‌ركووك ته‌نیا نیو سه‌عاتی ڕه‌ش و سپی دابوو به‌ كورد، به‌ڵام جوانییه‌كه‌ له‌وه‌دا بوو كه‌ ئه‌و نیو سه‌عاته‌ له‌ تام و چێژیدا به‌ قه‌د ده‌یان كه‌ناڵی ئاسمانی ئێستا ڕه‌نگین تر بوو، هه‌موو كورد ئێواران چاوه‌ڕوانی به‌رنامه‌ شیرینه‌كانی ئه‌و نیو سه‌عاته‌ بوو، كه‌ پڕبوو له‌ گۆرانی جوان و درامای كۆمه‌ڵایه‌تیی "عه‌لیه‌ فه‌ندی" و "عومه‌ری عه‌لی ئه‌مین" و بابه‌ته‌ فۆلكلۆرییه‌ جوانه‌كان كه‌ هه‌رگیز له‌ یاد ناچنه‌وه‌، كه‌ركووك له‌و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌دا پشكێكی زێڕینی هه‌بوو، له‌وانه‌یش: هونه‌رمه‌ندی ڕۆحپاك و هه‌میشه‌ غه‌مگین "قادر مه‌ردان"، كه‌ له‌ ئێزگه‌ی كوردی گۆرانی (بێ ئومێدی) به‌ ڕاستگۆیی و خه‌مێكی قووڵه‌وه‌ تۆماركرد و ئه‌و ساته‌ هه‌موو خه‌ڵك به‌ ئازاره‌وه‌ گوێیان له‌و ده‌نگه‌ غه‌مگینه‌ ده‌گرد.

هه‌ر له‌ حه‌فتا، له‌بیرمه‌ شه‌وێكی جوانمان له‌ ماڵه‌ خنجیلانه‌كه‌ی "قادر مه‌ردان" به‌سه‌ر برد، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی ئیسكان و هه‌تا به‌یانی به‌ عوده‌ شیرینه‌كه‌ی گۆرانی جوانی بۆ چڕین، هه‌موو گۆرانییه‌كانیش بۆنی غوربه‌تی و مردن و جیابوونه‌وه‌ و ئازاری ژیانی تێدابوو، یه‌ك له‌ خه‌مه‌كانیشی ئه‌وه‌بوو، كه‌ پێش ڕاپه‌ڕین و دوای ڕاپه‌ڕینیش كه‌س له‌ هه‌واڵی نه‌پرسی، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی كه‌ (كامه‌ران)ـی كوڕی به‌ ڕووداوێك جوانه‌مه‌رگ بوو، ئیدی ئه‌و كاره‌ساته‌ هه‌میشه‌ بووه‌ گه‌وره‌ترین خه‌می ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ناسكه‌، كه‌ ساڵانێك بوو غوربه‌تی هه‌ڵبژارد، چونكه‌ لێره‌ كه‌س نازی هه‌ڵنه‌گرت و ئاوڕی له‌ گه‌وره‌یی ئه‌و پیاوه‌ نه‌دایه‌وه‌، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌ره‌ به‌رچاوه‌كانی تیپی سۆلافی كه‌ركووك.

نازانم بۆچی ئه‌مساڵ ئه‌و هه‌موو ئه‌ستێره‌ له‌ ئاسمانی هونه‌ری كوردیدا هه‌ڵوه‌رین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای مه‌خابنه‌ "قادر مه‌ردان" ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ناوی نه‌هات، نه‌ له‌ ڕێزگرتنێك نه‌ شه‌قامێكی به‌ناوكرا، نه‌ فیستیڤاڵێكی بۆ كرا، ته‌نانه‌ت هه‌تا مردنه‌كه‌یشی زۆر به‌ غه‌مگینی بوو، ته‌رمه‌ پیرۆزه‌كه‌یشی له‌ هه‌نده‌ران له‌ سوێد نێژرا و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ركووك، كه‌ هه‌میشه‌ دڵی بۆ ئه‌و شاره‌ شیرینه‌ لێی ده‌دا، كه‌ نه‌ له‌ ژیانی و نه‌ له‌ مردنیشی تێیدا ڕۆحی ئاسووده‌ نه‌بوو

 ن/ شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.