Erbil 15°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 16:56

لقى سلێمانى سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسان : له‌هێرشى هێزه‌کانى ئاسایش بۆ سه‌ر میدیاکاران له‌ڕۆژى هه‌ڵبژاردن پێى نیگه‌رانین و تۆمارمان کردووه‌

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ شه‌ممه‌  19 - 5 -  2018 لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، به‌بۆنه‌ى به‌كۆتا هاتنى پڕۆسه‌ى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق راگه‌یاندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ ، كه‌تێیدا هاتووه‌ وێڕاى پیرۆزباییمان له‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى لیسته‌ كوردستانیه‌كان تۆماریان كرد تایبه‌ت له‌ناوچه‌كانى كوردستانیه‌كان له‌پارێزگاكانى نه‌ینه‌وا و كه‌ركوك و دیالا . 
سه‌ندیكا وێڕاى پیرۆزبایی له‌لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان ئاماژه‌ به‌ڕه‌وشى میدیاكاران ده‌دات له‌ڕۆژى هه‌ڵبژاردن له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر میدیاكاران تایبه‌ت له‌بنكه‌ى هه‌ڵبژاردنى به‌كره‌ جۆ و ناحیه‌ى عه‌ربه‌ت  ڕۆژنامه‌نووسان دووچارى ئازار هاتن به‌هۆى هێرشه‌كه‌ى ئاسایش بۆ سه‌ریان .
وه‌له‌هێرشه‌كه‌ى ئاسایش بۆ سه‌ر میدیاكاران تیمى كوردستان تى ڤى  له‌په‌یامنێر و وێنه‌گران بۆ سێ جارله‌بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن  له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى له‌بنكه‌ى به‌كره‌ جۆ و ناوچه‌كانى دیكه‌ ،ـ له‌لایه‌ن ئاسایش و هێزه‌كانى ئه‌منی ڕووبه‌رووی لێدان و ئازار بوونه‌وه‌ ، جگه‌ له‌لێستاندنى كه‌ل و په‌ل و شكاندنى كامیرا و وه‌ڕووبه‌رووى سوكایه‌تى كردن و ته‌شهیر بوونه‌ته‌وه‌ . 


دەقی راگەیەنراوەکەى لقى سلێمانى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسان 

بە بۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئاشكراكردنی ئامارە رەسمیە كۆتاییەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە ئەو سەركەوتنەی كە لیستە كوردستانیەكان لە شارەكانی كەركوكی خۆشەویست و نەینەوا و دیالە بەدەستیان هێنا.. مایەی خۆشحاڵیە، بۆیە بەناوی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم رۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی میدیا دەكەین..
میدیاكارانی ئازیز
پێش دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆمەڵێك رێسا و یاسا و پێشنیارمان خستە بەردەم كوڕان و كچانی رۆژنامەنووسانمان و سەرجەم كەناڵەكانیان، داوای پابەند بوونی تەواومان لێكردن بە پرنسیپ و ستانداردە جیهانیەكانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، تا یاسای ژمارە (11)ی ساڵی (2018)ی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ببێتە مەكۆی ئەم هەڵمەتەمان... 
خۆشبەختانە هەڵمەتەكەمان كەم تا زۆر لە ئاستێكی باشدا بەرێكراو جگە لە چەند حاڵەتێكی نەخوازراو نەبێت لێرەو لەوێ‌ لە هەندێ‌ لە كەناڵەكان و لە هەندێك رۆژنامەنووسانمانەوە كە نەبوونە مایەی تێكدانی ناوو ناوبانگی هەڵمەتەكە..
ئەوەی مایەی نیگەرانیمانە لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا چەند پێشێلكاریەكمان تۆمار كرد كە لە ناو شاری سلێمانی و گەرەكی بەكرەجۆ و ناحیەی عەربەت روویاندابوو.. نیگەران بووین، تۆمار كران و ئێستاش وەك كەیسێك هاڵسوكەوت لەگەڵ ئەو حاڵەتانەدا دەكرێن..
لە چوارچێوەی ئەم پرۆسە گەورەیەدا، لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێك لە كەناڵەكان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و داتای ناڕاستی ئامارەكان و بڵاوكردنەوەی چەندین بانگەوازی نەخوازراو كە هەندێكیان بۆنی شەڕیان لێدەهات و ناوبردنی چەندین كەس و كەسایەتی و لەكەداركردنیان بەبێ‌ بەڵگە، كەپاشان داوای لێبوردن لەهەندێكیان كراوە.. یان لەكەداركردنی سەرجەم پرۆسەكە بەبێ بەڵگەو داتا، كارێكی باش نەبوو، پەرتەوازەیی ماڵی كورد وای كرد كە قورسایی دەنگەكانمان نەمێنێت، تا یەكگرتوو نەبین لەناو خۆماندا ئەو 58 پەنجاو هەشت كورسیەی كورد بەدەستی هێناوە خێرمان بۆ ناداتەوە، ئەگینا ئێستا كورد خاوەنی زۆرترین و گەورەترین قەوارەو كورسی دەبوو .. بەڵام بەداخەوە..
ئێمە لێرەوە بە پێویستی دەزانین رایبگەیەنین كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری شارو شارۆچكەكان و پاراستنی رۆحی هاوشاری و هاو كوردستانیان و خەڵكە بەشەرەفەكەی كەركوك و نەینەوا گەورەترین سەرمایەن بۆ ئێمەی كورد و هەر ئەوانیش سەلماندیان كە لەم هەڵبژاردنەدا كورد سەركەوتوو بوو چونكە لە كەركوك و لە نەینەواو لە ناوچە دابرێنراوەكان سەركەوتوو بووین..
هیوادارین رق و كینە وەلابنێین و بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی لە سەرو هەموو حەزی كورسی ودەسەڵاتێكەوە بێت...
جارێكی تریش پیرۆزبایی لە میللەتی كورد دەكەین و دەڵێین كورد سەركەوتوو بوو


لقی سلێمانی - سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
19 - 5 - 2018 

 

 

 

شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.