Erbil 33°C ھەینی 20 ئەیلوول 11:45

یه‌کێتى: ئەگەر گۆڕان ھێزی چەکدار دروست بکات، چارەنووسی لە داعش و ئەنسارولئیسلام باشتر نابێت

یه‌كێتى: لایه‌نێكى نێو گوران ده‌یانه‌وێ هێزى چه‌كدار دروست بكه‌ن
کوردستان TV
100%

لەدوای ھێرشە چەکدارییەکەی شەوی ھەڵبژاردن، کە بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی و لەناو یەکێتییشدا لاھوور جەنگی بەو پەلاماردانەی تۆمەتبار کرد، ئێستا لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان دەست کراوە بە ناونووسیی ئەو کەس و گەنجانەی کە ئامادەن بە شێوەی چەکداری پشتیوانی لە بزووتنەوەی گۆڕان بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، لەلایەن باڵێکی توندی گۆڕانەوە کە نزیکن لە قادری حاجی عەلی، لە چەمچەماڵ و سلێمانی دەست کراوە بە ناونووسینی ئەو گەنجانەی کە ئامادەییان بۆ چەک ھەڵگرتن بۆ بزووتنەوەی گۆڕان نیشان داوە.

بەپێی لێدوانی ھەڵسووڕاوان و بەرپرسانی گۆڕان، ئەو ھێرشەی سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ھێزە چەکدارەکانی سەر بە لاھوور جەنگی و بەرپرسی یەکەی حەفتای یەکێتی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەنجام دراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەو ھێرشەی کە کرایە سەر بارەگا سەرەکییەکەیان لە سلێمانی، راستەوخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ یەکێتی درێژ کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە چەکدارەکانی یەکێتی بەو چەکانەی کە دەبوو بەرگری لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بکەن پەلاماری مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان داوە.
 
سەبارەت بە دروستکردنی ھێزی چەکدار، عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی گۆڕان لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند" سێ ساڵە داوا دەکەم ھێزێکی خۆمان ھەبێت بە شێوەی خۆبەخش یان ڕێکخستنەوەی چەکدارەکانمان بێت لەنێو ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی خۆمان“.

عەبدوڵای کوێخا موبارەک نایشارێتەوە کە دەبێ گۆڕان ھێزێکی بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی ھەبێت و دەڵێت" بەردەوام بیرم لای ئەوەیە کە ھێزێک ھەبێ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆمان بکەین“.
 
له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە خەڵکی کوردستان، باوەڕی بە هاش و ھوشەکەی بزووتنەوەی گۆڕان نەماوەو دەنگیان کەمی کردووە، دەشڵێت" ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان ھێزی چەکدار دروست بکات، ھەمان چارەنووسی ئەنسارولئیسلامی دەبێت.

پاش ئەوەی هەندێک لە سەرکردەکانی گۆڕان بە ئاشکرا هەڕەشەی درووستکردنی هێزی چەکدارییان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد. ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە باسنیوزی ڕاگەیاند" پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان دەیگوت، بەھیچ شێوەیەک لە سیستەمی دەنگدانی ئەلکترۆنیدا ساختەکاری ناکرێت، بەڵام ئێستا کاتێک دەنگەکانیان کەمی کردووە، گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانی بەحزبێکی ساختەکار تۆمەتبار دەکات، لەکاتێکدا ئێمە باوەڕمان بە پڕۆسەی دیموکراسی ھەیە و ھەرگیز ئامادە نین، ساختەکاری بکەین

جەختی لەوەش کردەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ دژایەتیی یەکێتیی نیشتمانی دروست بووە، بۆ ئەوە دروست نەبووە، خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات. گوتیشی: دواجار خەڵکی لە ھاش و ھوشەکەی گۆڕان بێزار بووە، بۆیە ئەمجارە خەڵکی دەنگی پێیان نەداوە، بەڵام ئەگەر ئەوان دەنگیان بھێنایە، ئاھەنگیان دەگێڕا و دەیانگوت، گەندەڵەکان دەنگیان نەھێناوە، دەریشکەوت بزووتنەوەی گۆڕان لە تەنگانەدا خەڵکی بەجێدەھێڵن.
 

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هۆشداری بە گۆڕان دا لە ئەگەری دروستکردنی هێزی چەکدار و دووپاتی کردەوە" گۆڕان کارێکی خراپ دەکات ئەگەر ھێزی چەکدار دروست بکات، چونکە ئەوان خۆیان بە ھێزێکی مەدەنی دەزانن، دواجار دەبێ بزووتنەوەی گۆڕان، باش ئەوە بزانێ کە ھێزی چەکدار زۆر دروست بووە لە دژی یەکێتی، بۆ نموونە، ئەنسارولئیسلام دروست بوو، کۆمەڵی ئیسلامی ماوەیەک شەڕی لەگەڵ یەکێتی کردووە، ئەوانە ھەمووی شەڕیان لەگەڵ یەکێتی کردووە، دواجار دەرەنجامێکی خراپیان بینیوە، بۆیە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان لە دژی یەکێتی ھێزی چەکدار دروست بکات، چارەنووسی لە چارەنووسی داعش و ئەنسارولئیسلام باشتر نابێت“.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.