Erbil 7°C شەممە 21 کانونی یەکەم 20:46

به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆک بارزانی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی کۆبووه‌وه‌

راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
کوردستان TV
#7
100%


به‌سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌مڕۆ، سێشه‌ممه‌ 15/5/2018، مه‌كته‌بی سیاسی پارتیمان، له‌دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵانی كۆبووه‌وه‌.


سه‌ره‌تا، هه‌ڵسه‌نگاندن كرا بۆ یه‌ك به‌ یه‌كی قۆناغه‌كانی پرۆسه‌كه‌، هه‌ر له ‌قۆناغی به‌رله‌هه‌ڵبژاردن؛ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن؛ ئاماده‌كاریه‌كان؛ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن؛ ئه‌نجامدان و سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ كه‌ تیایدا پارتیمان به‌شێوه‌یه‌كی شارستانی و سه‌رده‌میانه‌ به‌ڕێوه‌ی ‌برد. هه‌روه‌ها باس له‌قۆناغی ده‌نگدان و ئه‌و كێشه‌ وگرفتانه‌ی هاتنه‌پێش كرا و، شرۆڤه‌ی بیروڕا جیاجیاكان كرا له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

به‌ڕای كۆبونه‌وه‌، قۆناغی خۆئاماده‌كردن و هه‌نگاونانه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ ئاستێكی باش دابوو، هه‌ر له‌ بنكه‌كانی خواره‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی پارتیمان تا سه‌ركردایه‌تی و، رۆلی ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگران و كادیران و ئۆرگانه‌كان به‌رز نرخێندرا كه‌، سه‌ره‌ڕای پابه‌ند نه‌بوونی هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن به‌و رێنمایی و پرنسیپانه‌ی كه‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن دیاری كردبوون، به‌ڵام كادیران و ئۆرگانه‌كانی پارتیمان، به‌هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی و هه‌ستیاریی بارودۆخ و قۆناغه‌كه‌، به‌وپه‌ڕی هۆشیارییه‌وه‌ ئه‌و قۆناغه‌یان ده‌ربازكرد. بۆیه، كۆبوونه‌وه‌‌ به‌ قه‌درزانینه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و ره‌فتاره و ئاكارانه‌ی ئه‌ندام و كادیر و ئۆرگانه‌كانی پارتیمان.

سه‌باره‌ت به‌ گرفت و كێشه‌كانی رۆژی ده‌نگدان، وه‌ك له‌كاركه‌وتن یا دره‌نگ به‌كارخستنی ئامێره‌كانی ویستگه‌كان و نه‌شاره‌زایی هه‌ندێك له‌ فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆن گفتوگۆی پێویست كرا و، ده‌بوایه‌ كۆمسیۆن له‌وه‌ زیاتر ئاماده‌سازیی كردبایه‌ و مه‌شقی به‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی كردبایه‌ و، ئه‌م بابه‌تانه‌ و پێڕانه‌گه‌یشتنی ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ به‌ ده‌نگدان له‌رۆژی ده‌نگدانی تایبه‌ت، هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ریش له‌رۆژی 12/5/2018 له‌ ئاكامی ئه‌و گرفته‌ ته‌كنیكییانه‌ی هاتبوونه‌ پێش، زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرابوون.

پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامدرا، له‌ قۆناغی جیاكردنه‌وه‌و ژماردنی ده‌نگه‌كان گومان له‌سه‌ر پاك و بێگه‌ردیی ده‌ره‌نجامه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ندین لایه‌نی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن راگه‌یه‌ندرا و، پارتیشمان له‌رێگه‌ی وته‌بێژی فه‌رمی رای خۆی به‌ڕوونی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ گومانمان له‌ ده‌ره‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی پارێزگای سلێمانی ده‌ربڕی كه‌ ده‌ره‌نجام وه‌كو رای ده‌نگده‌ری پارتیمان نه‌بووه‌ و، بۆ ره‌وینه‌وه‌ی گومانه‌كان و پاراستنی ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیری، داوای ژماردنه‌وه‌ی پسوله‌ی ده‌نگدانه‌كانمان به‌ده‌ست كردبوو، ئاماده‌ییشمان ده‌ربڕی كه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێویست بزاندرێ، ‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بیگرێته‌وه‌.
ئێستاش كه‌ ده‌ره‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆن راگه‌یه‌ندرا، هه‌ر لایه‌ك به‌پێویست بزانێ بۆ لادانی گومانه‌كان، با له‌رێگه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كان و یاسای به‌ركار هه‌وڵی خۆیان بده‌ن.

كۆبونه‌وه‌ جه‌ختی له‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی كرد و گرنگیی و هه‌ستیاریی قۆناغه‌كه‌ به‌بیر هه‌موولایه‌ك ده‌هێنێته‌وه‌ و بانگێشتی ته‌واوی لایه‌نه‌كانی سه‌ركه‌وتوو ده‌كات به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل و نیشتمان بخه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و حزبی و، پله‌وپۆسته‌كان له‌ به‌غدا ئامانج نه‌بن ئه‌وه‌نده‌ی شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و ته‌وازن له‌ڕیزبه‌ندیی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می ئه‌وله‌ویاتی گفتوگۆی هه‌رێم و به‌غدادابن.

هه‌روه‌ها زۆر پێویسته‌ كه‌شوهه‌وای هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن كۆتایی پێبێنین و هه‌ر گرفت و تێڕوانینێكی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ده‌ره‌نجامه‌كان، چ سه‌باره‌ت به‌ پێكه‌وه‌یی و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ل به‌غدا به‌ شیوازێكی لۆژیكی و واقیعی ده‌ربڕین.

كۆبونه‌وه‌ دڵنیایه‌ كه‌ ویست و خواستی جه‌ماوه‌ری كۆڵنه‌ده‌ری كوردستان، یه‌كڕیزی و ته‌بایی له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌وێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌ر و ته‌حه‌دییاتانه‌ی رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بنه‌وه،‌ هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ ده‌ستووریانه‌ و به‌دیهێنانی ده‌سكه‌وتی زیاتر.

له‌كۆتاییدا كۆبونه‌وه‌ سوپاسی جه‌ماوه‌ری كوردستانی كرد به‌گشتی و، سوپاسی ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگران و كادیرانی پارتیمان كرد كه‌ له‌خۆبوردووانه‌ تێكۆشان، بۆ له‌گۆڕنانی ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌للایانه‌ی ده‌دران بۆ په‌راوێزخستنی پارتیمان یا شكاندنی ئیراده‌ی پارتی و گه‌لی كوردستان كه له‌ئه‌نجامدا‌ ویستی ناحه‌ز و دژه‌كان سه‌ری نه‌گرت و پارتی وه‌كو حزبی یه‌كه‌می كوردستان مایه‌وه‌و متمانه‌یان پێ به‌خشی.
 
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.