Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 19:18

شه‌ش حزبه‌ ناڕازییه‌که‌ی هه‌رێم کۆی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ره‌ت ده‌که‌نه‌وه‌

داوایان كرد پرۆسه‌كه‌ دووباره‌ بكرێته‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%


ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەنجاكی کۆبوونەوەی شەش حزبە ناڕازییەكەی كوردستان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە رەت كرایەوە.

له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان، شه‌ش لایه‌نى سیاسى كۆبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زاییان دژى ئه‌نجامى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ربڕى و داوایان كرد پرۆسه‌كه‌ دووباره‌ بكرێته‌وه‌.

کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی شەش لایەنی کوردستانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق (گۆڕان، هاوپەیمانی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی) بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بارەگای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر کۆتاییهات و شەش بڕیاریان دەرکرد.

ئه‌و لایه‌نانه‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:


به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه  14/5/2018، شەش لایه‌نی سیاسی كوردستانی له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌م له‌ باره‌گای یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا، به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ باره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ له‌ ( 12/5 )دا ئه‌نجامدرا.

به‌داخه‌وه‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ رووبه‌ڕووی ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌كاریه‌كی به‌رنامه‌ بۆ دارێژراوی پێش وه‌خته‌ بۆته‌وه‌، دوای تاوتوێكردنی پرۆسه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م چه‌ند بڕیاره‌ی خواره‌وه‌ :

1- ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و كۆی پرۆسه‌كه‌ به‌ هۆی زه‌وتكردنی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و دزینی ده‌نگه‌كانیان.

2- داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای كه‌ركووك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تی به‌زووترین كات.

3- ئامانجی راسته‌قینه‌ی لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ به‌رگریكردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی استحقاقی راسته‌قینه‌ی ده‌نگده‌رانی گه‌له‌كه‌مان.

4- بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌موو رێكاره‌ سیاسی و یاسایی و مه‌ده‌نیه‌كان ده‌گرینه‌ به‌ر دوور له‌ هه‌موو جۆره‌ تووندوتیژیه‌ك.

5- پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌م (6) لایه‌نه‌ بۆ به‌دواداچوون و گێرانه‌وه‌ی ده‌نگه‌ دزراوه‌كانی جه‌ماوه‌ر و ده‌رگاش كراوه‌یه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ر لایه‌نێكی تری سیاسی كه‌ ئاماده‌بێت به‌رگری له‌ مافی ده‌نگده‌رانی گه‌له‌كه‌مان بكات.

6- داوا له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌كه‌ین به‌ خێرایی به‌ده‌م داواكارییه‌كانمانه‌وه‌ بێت.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری
كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان  
حیزبی شیوعی كوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.