Erbil 13°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 11:31

تورکیا نیگەرانە لە بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا

ترەمپ كشانەوەی لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران راگەیاند
کوردستان TV
100%


وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نیگەرانی ئەنقەرە لەبارەی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران راگەیاند.

لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە تورکیا هەمیشە داکۆکی لەوەکردووە کە تاکە رێگەی چارەسەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئیران بریتییە لە رێگەی دیپلۆماسی و دانوستان و لە رابردووشدا هەوڵی زۆری بەو ئاراستەیەدا داوە.

وەزارەتی دەرەوەی جەختی لەوەکردووەتەوە کە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک لە ساڵی 2015دا لەبارەی رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمی هەنگاوێکی گرنگ بووە و تێیدا هاتووە ''ئەو رێککەوتنە نیشاندەری ئەوەیە کە قورسترین بابەتەکان دەتوانرێت لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەربکرێن".

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "بە بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راسپێردراوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئاژانسەکەش لەرێگەی راپۆرتەکانییەوە ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە ئێران پابەندی رێککەوتنەکە بووە. بڕیاری کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک هەنگاوێکە جێگەی نیگەرانییە.

باوەڕمان وایە کە هەر جۆرە جیاوازییەک لە بۆچوونەکاندا یان دوودڵییەک پێویستە لە زەمینەی گونجاو و بە گرتنەبەری میکانیزمی گونجاو، بەرێگەی دیپلۆماسیی تاوتوێبکرێت.

سەبارەت بەو ناکۆکییانەی لەبارەی رێککەوتنەکەوە هەیە، پێویستە میکانیزمی کۆمیسیۆنی هاوبەش کە لە رێککەوتنەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، وەگەڕبخرێت. پێویستە پاریزگاریی لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک بکرێت و لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا بە شەفافیەتێکی تەواوەوە، بە بێ دابڕان و بێ کۆموکوڕیی جێبەجێبکرێت".

شایه‌نی باسه‌ دوێنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند.

ترەمپ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن رایگەیاند" ئێران بەشێوەیەكی خراپ سوودی لە رێككەوتنەكە كردووە و نەبۆتە هۆی هێنانەكایەی ئاشتی و سەقامگیری له‌ جیهاندا.

ترەمپ هه‌روه‌ها كۆماری ئیسلامی ئێرانی بە هاوكاریكردنی تیرۆر و هەوڵدان بۆ دەستخستنی چەكی ئەتۆمی تۆمەتبار كرد و بڕیاریدا ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە بكشێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەڵێنی ئێرانییەکان لە رێککەوتنی ئەتۆمی درۆ بوو و بووە هۆی ئەوەی رژێمێکی خوێنڕێز بە ئارامی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، بۆیە ئەگەر من رێگە بەبەردەوامیی ئەو رێککەوتنە بدەم، رێگە بۆ رکابەریی ئەتۆمی لە ناوچەکە دەکرێتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.