Erbil 15°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 14:40

سعودیه‌ خۆشحالى خۆى به‌ کشانه‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌ ڕێککه‌وتنى ناوه‌کى ئێران ده‌ربڕى

شانشنى سعودیه‌ پشتگیرى خۆى دووپات كرده‌وه‌
سعودیه‌ خۆشحالى خۆى به‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ ڕێككه‌وتنى ناوه‌كى ئێران ده‌ربڕى
کوردستان TV
100%

به‌گوێره‌ى ڕۆژنامه‌ى (ریاد)، سعودیه‌ لێدوانێكى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا خۆشحالى خۆى ده‌ربریوه‌ به‌ كشانه‌وه‌ى وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ناوه‌كییه‌ى نێوان وڵاته‌ زلهێزه‌كان و ئێران كه‌ له‌ ساڵى 2015 دا واژو كرابوو.

سعودیه‌ له‌ لێدوانه‌كه‌دا ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئێران سوودى له‌ هه‌ڵگرتنى سزا و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئابووریى وه‌رگرتبوو، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى به‌كارهێنا تا درێژه‌ به‌ چالاكیه‌كانى بدات له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى په‌ره‌سه‌ندنى موشه‌كى بالیستى و پشتگیریكردنى له‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان هه‌روه‌ك میلیشیاى حزبوللا و حوسیه‌كان كه‌ یارمه‌تى و هاوپه‌یمانى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پێده‌گات، بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هاووڵاتى سیڤیل له‌ شانشینى سعودیه‌ و یه‌مه‌ن. 

جێی ئاماژه‌یه‌ شانشنى سعودیه‌ پشتگیرى خۆى دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌و ستراتیجیه‌ی كه‌ تره‌مپ له‌وه‌پێش ڕاێگه‌یاندبوو دژ به‌ ئێران، هه‌روه‌ها هیوا ده‌خوازێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ڵوێستى یه‌كگرتوو بگرنه‌ ده‌ست دژى ئێران .

سعودیه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یدا ئێرانى به‌وه‌ وه‌سفكرد كه‌ كرده‌وه‌ى دوژمنكارى له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات و پشتگیرى گرووپه‌ تیرۆریسته‌كان و هاوپه‌یمانى ڕژێمى ئه‌سه‌د ده‌كات كه‌ به‌ دڕنده‌ترین شێوه‌ تاوانى ئه‌نجامداوه‌ دژ به‌ هاووڵاتى خۆى، به‌هۆى ئه‌نجامدانى هێرشه‌كانى و به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى نزیك نیو ملیۆن هاووڵاتى كوژراوه‌ له‌ سوریا.

له‌ كۆتایى ڕاگه‌یاندنه‌كه‌دا شانشینى سعودیه‌ به‌ڵینى ئه‌وه‌ى دووپات كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانى له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى تیایدا هاتووه‌ " تا ئه‌و ئامانجانه‌ به‌ده‌ست بهێنین كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ئه‌مریكا ڕاگه‌یاندرا وهه‌ڕه‌شه‌ى سیاسه‌ته‌كانى ئێران بۆ سه‌ر ئاشتى و ئاسایشى ناوچه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن به‌ ڕوانینێكى گشتى، ته‌نها له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى ناوه‌كى نه‌وه‌ستاوه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كاره‌ دووژمنداریانه‌ى ئه‌نجامى ده‌دات له‌ ناوچه‌كه‌ وه‌ك ده‌ستێوه‌ردانى له‌ كاروبارى وڵاته‌كان و پشتگیرى له‌ تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌، ده‌بێت به‌ته‌واوى كار له‌سه‌ر هه‌موو ڕێگاو چالاكیه‌كانى ئێران بگیرێت تا نه‌بێته‌ خاوه‌نى چه‌كی ئه‌تۆمی".

جێی ئاماژه‌یه‌ سه‌رۆكى وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا كشانه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ ڕێككه‌وتنى ناوه‌كى ئێران ڕاگه‌یاند كه‌ ساڵى 2015 واژو كرابوو له‌ نێوان وڵاته‌ زلهێزه‌كان ( فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا، چین، روسیا و ئه‌مریكا ) له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌مریكا كشانه‌وه‌ى خۆى ڕاگه‌یاند به‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ڕێگر نه‌بووه‌ له‌ چالاكى و ده‌ستێوه‌ردانى ئێران بۆ ناوچه‌كه‌.


وه‌رگێڕانى/ سیروان عه‌زیز 
 

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.