Erbil 7°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 20:48

به‌رپرسی لقی 18: پارتی پێویستی به‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ نییه‌

ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو پارتی دان به‌ هه‌ڵه‌ی خۆیاندا ده‌نێن و ده‌ڵێن ئێمه‌ هه‌ڵه‌ بووین
کوردستان TV
#7
100%

"عومه‌ر ئۆره‌یی" به‌رپرسی لقی 18ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئامێدی به‌ ماڵپه‌ری ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌واڵانه‌ به‌ درۆ ده‌خه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن پارتی له‌ بادینان به‌ زه‌بری پاره‌و هێز  ده‌یانه‌وێت كاندیدی لیسته‌كانی تر به‌ره‌و خۆیان ڕابكێشن.

ده‌شڵێت: پارتی پێویستی به‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ نییه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان ڕاشیگه‌یاند: ته‌حه‌ددا ده‌كه‌ین پارتی له‌ ده‌رگای ماڵی كاندیدێكی دابێت و پێ وتبێت بكشێوه‌ و بگه‌ڕێوه‌ نێو پارتی.

ده‌شڵێت: ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ دان به‌ هه‌ڵه‌ی خۆیاندا ده‌نێن و ده‌ڵێن ئێمه‌ هه‌ڵه‌ بووین ده‌مانه‌وێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ ناو ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌ناو ئه‌و ڕێبازه‌ به‌ شكۆیه‌ خزمه‌ت بكه‌ین.

ده‌شڵێت هه‌ردوێنێ له‌ سنووری قه‌زای ئامێدی كاندیدی ژماره‌ 10ی لیستی هاوپه‌یمانی به‌ ناوی " مه‌هدی شه‌مدین حاجی عوسمان" وكاڕگێڕی مه‌ڵبه‌ندی 4ی دهۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان "خالید عه‌لی شامكی" گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌دان كه‌س له‌ لایه‌نگرو ئه‌ندامانی حیزبه‌كانی تر په‌یوه‌ندیان كرده‌وه‌ به‌ پارتی و داوایانكرد شه‌ره‌فی ئه‌ندامێتی پارتیان پێ ببه‌خشرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له‌ ئێستاداشدا چه‌ندان به‌رپرسی تری حیزبه‌كان له‌سه‌ر خه‌تن و داوایانكردووه‌ بێنه‌ نێو ریزه‌كانی پارتی و دوای ئه‌وه‌ی گفتوگۆكان ته‌واو بوون ئێمه‌ ناو و پله‌كانیان ڕاده‌گه‌یه‌نین.

سه‌باره‌ت به‌ لیستی هاوپه‌یمانی "عومه‌ر ئۆره‌یی" ڕایگه‌یاند: له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ له‌ كوردستان كۆمه‌ڵێك له‌ خه‌ڵكی له‌ سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نه‌كانی تر په‌یوه‌ندیان به‌م قه‌واره‌یه‌ كرد به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بۆیان ڕوونبۆوه‌ كه‌ ئه‌و قه‌واره‌یه‌ چیه‌و چۆنه‌ پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ و په‌یوه‌ندیان كرده‌وه‌ به‌ ریزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

به‌رپرسی لقی 18 ڕاشیگه‌یاند: سندوقه‌كانی ده‌نگدان له‌ ڕۆژی 12ی 5 ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ كێ حیزبی براوه‌یه‌ و وه‌ڵامێكیش ده‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ دڵی خۆیان به‌وه‌ خۆشكردووه‌ كه‌ ده‌نگه‌كانی پارتی له‌ بادینان كه‌م ده‌كات ئێمه‌و ئه‌وان ئه‌و ڕۆژه‌ و دوای ئه‌نجامه‌كان یه‌كتری ده‌بینینه‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.