Erbil 5°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 23:49

دۆناڵد ترەمپ، کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران راگەیاند

ترەمپ: ئێران بەشێوەیەكی خراپ سوودی لە رێككەوتنەكە كردووە
کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند.

ترەمپ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن رایگەیاند" ئێران بەشێوەیەكی خراپ سوودی لە رێككەوتنەكە كردووە و نەبۆتە هۆی هێنانەكایەی ئاشتی و سەقامگیری له‌ جیهاندا.

ترەمپ هه‌روه‌ها كۆماری ئیسلامی ئێرانی بە هاوكاریكردنی تیرۆر و هەوڵدان بۆ دەستخستنی چەكی ئەتۆمی تۆمەتبار كرد و بڕیاریدا ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە بكشێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەڵێنی ئێرانییەکان لە رێککەوتنی ئەتۆمی درۆ بوو و بووە هۆی ئەوەی رژێمێکی خوێنڕێز بە ئارامی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، بۆیە ئەگەر من رێگە بەبەردەوامیی ئەو رێککەوتنە بدەم، رێگە بۆ رکابەریی ئەتۆمی لە ناوچەکە دەکرێتەوە.

پێشتر رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكایی ئاماژەی كرد كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بە ئیمانوێل ماكڕۆنی هاوتا فڕەنسایەكەی راگەیاندبوو كە لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پاشەكشە دەكات، لەو كاتەی گەورە بەرپرسێكی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی هیچ داوایەكی ئەوروپاییەكان لە دەرەوەی رێككەوتننی ئەتۆمی قبووڵ ناكات.

رۆژنامەكە روونی كردەوە كە واشنتن خۆی بۆ سەپاندنەوەی هەموو سزاكانی پێشوو بەسەر تاران ئامادە دەكات كە بەپێی رێككەوتننە ئەتۆمییەكە لەدوای پاشەكشەكردنی ئەمەریكا لە رێككەوتننەكە لادرابوون.

لای خۆیەوە گەورە بەرپرسێكی ئێران ئەمڕۆ سێشەم رایگەیاند كە وڵاتەكەی هیچ داواكارییەكی ئەوروپا بەدەر لە رێككەوتننە ئەتۆمییەكە قبووڵ ناكات ، كاتێك ئەوان دەیانەوێت بۆ رازیكردنی ترەمپ بۆ پاشەكشە نەكردن لەو رێككەوتننە داواكاریان هەبێت.

به‌پێى هه‌واڵێكى سایتى سكاى نیوز، حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆكى ئێران له‌ كاتى ئاماده‌بوونى له‌ كۆنگره‌یه‌ك له‌باره‌ی نه‌وت، یه‌كه‌م سه‌رنجى فه‌رمى ئێرانى خسته‌ڕوو، وه‌ دانى به‌وه‌ نا به‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، وڵاته‌كه‌ى رووبه‌ڕووى كێشه‌ ده‌بێته‌وه‌.

حه‌سه‌ن روحانی گوتى" له‌وانه‌یه‌ دوو مانگ یان زیاتر رووبه‌ڕووى كێشه‌ ببینه‌وه‌، به‌ڵام تێى ده‌په‌ڕێنین". سایتى سكاى نیوز ئه‌م لێدوانه‌ى روحانی وه‌ك ده‌رخستنى ترسى ئێران لێكده‌داته‌وه‌.

رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى له‌ ناوه‌ڕاستى 2015 له‌ نێوان ئێران و چه‌ندان وڵاتى زلهێزى دنیا ئه‌نجام دراوه‌، ئه‌مه‌ریكاش یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى باراك ئۆباما واژووى له‌سه‌ر كردووه‌، به‌ڵام ئێستا دۆناڵد تره‌مپ ئه‌مه‌ریكاى له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كشانده‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكى ئێران وێڕاى ده‌رخستنى نیگه‌رانییه‌كه‌ى، پێی وایه‌ به‌ دوو مانگ كێشه‌كان تێده‌په‌ڕینن، به‌ڵام به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كان ئێران رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگى ئابوورى قورستر ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.