ئەمڕۆ سێشەممە كاندیدێكی كورد لە لیستی (نەسر)ی حەیدەر عەبادی لەسەر پارێزگای كەركووك كشایەوە و عەبادی بە پشتگوێخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە بادینان و دووری لە زەمینەی واقیعی ناوچەكە تۆمەتبار كرد ههروهها سێ كاندید لە لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتیی دەکات، چوونە نێو لیستی پارتی لە دهۆک.
شێرکۆ عابد محەممەد اسماعیل، كاندیدی ژمارە 2 لە لیستی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، لە سنووری پارێزگای دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: هۆکاری ئەوەی کە رازیبووم لە لیستەکەی عەبادی خۆم كاندید بکەم بۆ ئەوەبوو خزمەتی میللەتی خۆم بکەم، بەڵام کاتێک بینیم ئەو بەڵێنانەی دەدرێن جێبەجێ ناکرێن، من چۆن دەتوانم بەرگری لە میللەتی خۆم بکەم، بۆیە لە کۆتاییدا بە باشم زانی بگەڕێمەوە ژێر خیوەتی باب و باپیرانی خۆم، خیوەتی بارزانی.
شێرکۆ عابدی، دەڵێ: من بە قەناعەتی خۆم، گەیشتمە ئەو باوەڕەی كاندیدبوونی خۆم لە لیستی نەسر بکشێنمەوە". گوتیشی: "هیچ کەسێک کاریگەری لەسەر من نەبووە.
شێركۆ عابد سەرمایەدار و خاوەنی كۆمپانیای B-planی بەریتانی لە كوردستان، كاندیدێكی لیستەكەی عەبادی بوو لە دهۆك، بەڵام ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی خۆی لە لیستەكە راگەیاند، بڕیارەكەشی بۆ بێ ئومێدبوونی لە عەبادی گەڕاندووەتەوە.
سەرمایەدارەكە ئەوەشی نووسیوە كە بە كەسە نزیكەكانی عەبادی راگەیاندووە كە بڕیار و راسپاردنەكانی عەبادی جێبەجێ ناكرێن و ناگەنە شوێنی خۆیان، بەڵام وەك خۆی دەڵێ هیچ وەڵامێكی دەست نەكەوتووە لەلایەن عەبادییەوە.
دەشڵێ ئەگەر ئەمڕۆ لەم دۆخەدا عەبادی وەڵام نەداتەوە، ئەوا چۆن سبەی رۆژێ لەبارەی پرسەكانی جێبەجێكردنی سیستەمی فیدراڵی و دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی هەژموونی حزبی بەسەر حكوومەتدا، وەڵام دەداتەوە.
رەخنەی ئەوەشی لە عەبادی گرتووە كە لە رووی مادی و مەعنەوی و سیاسییشەوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی لە بادینان پشتگوێ خستووە، دەشڵێ "ئەمەش وای كرد متمانەم بە عەبادی نەمێنێ و لە لیستەكەی پاشەكشە بكەم و بگەڕێموە شوێنی باوانی خۆم كە ژێر چەتری بارزانە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، عەلی تەتەر، بەرپرسی لقی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی کشانەوەی ژمارەیەک كاندید لە لیست و قەوارە جیاوازەکان لە سنوورەکە رایگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمانە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە بەربژێری لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە دەڤەری بادینان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان یان پاشگەزبوونەوەیان لە لیستەکانیان راگەیاند، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە تاکە لیست کە جێگەی متمانەی گەلی کوردستانە، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لیستەکانی دیکە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە متمانەی خەڵک بەلای خۆیاندا رابکێشین.
هەروەها عەلی تەتەر رایگەیاند: لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە دەرگای کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە باوەڕی بە پرەنسیپەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەبێت، ئەویش پرەنسیپی خزمەتکردنی گەلی کوردستانە، هەر کەسێکیش خۆی بە خزمەتکاری ئەو گەلە بزانێت دەرگای بۆ کراوەتەوە.
هەر ئەمڕۆ سێ كاندید لە لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتیی دەکات، چوونە نێو لیستی پارتی لە دهۆک.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە پێش پێنج ڕۆژ، رەوشەن عەبدولسەلام کاندێکی ژن لە لیستی هاوپەیمانی نەسر لە پارێزگای دهۆک كشایەوە و چووە نێو لیستی پارتی.
رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.