Erbil 15°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 15:03

فازڵ میرانی: ئه‌گه‌ر له‌ 16 ئۆکتۆبه‌ر پێکه‌وه‌ شه‌ڕمان بکردایه‌ دۆخه‌که‌ به‌ئێستا نه‌ده‌گه‌یشت

فازڵ میرانی: پارتى رێگربوو له‌ به‌ده‌سته‌وه‌دانى سه‌رجه‌م هه‌رێمى كوردستان
کوردستان TV
100%


سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان‌، ئاماژە بەوە دەدات، کە پارتى رێگربوو له‌ به‌ده‌سته‌وه‌دانى سه‌رجه‌م هه‌رێمى كوردستان، دەشڵێت‌“ ئه‌گه‌ر له‌ 16 ئۆكتۆبه‌ر هه‌موومان پێكه‌وه‌ شه‌ڕمان بكردایه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ئێستا نه‌ده‌گه‌یشت.

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ گوتارێكدا كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی سه‌یدسادق، له‌ میانی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌لبژاردن، گوتارێکی پێشكه‌شی كردو باسی له‌ رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر كرد و رایگەیاند" كۆمه‌ڵێك لایه‌ن پێیانوابوو كه‌ ئه‌گه‌ر پارتی وه‌لا بنێن ته‌سلیمكردنى كوردستان وه‌كو كه‌ركووك، خورماتوو و داقوق ئاسان ده‌بێت، به‌ڵام خه‌یاڵیان خاوبوو".

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی، لە گوتارەکەیدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ له‌ رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا، ئه‌وان شه‌ڕیان خسته‌ پێش خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان و دانوستانیان خسته‌ پێش شه‌ڕ، ئه‌گه‌ر له‌ كه‌ركووك هاوشێوه‌ى پردێ و سحێلا و ناوچه‌كانى دیكه‌ پلانه‌كانیان تێك نه‌دایه‌، حكوومه‌تى عێراق نه‌یده‌توانى بێته‌ ناوچه‌كه‌، گوتیشی" 16ى ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌تێكى گه‌وره‌ بووه‌، به‌ڵام پارتى دیموكراتى كوردستان توانی ئه‌و پلانه‌ى ناحه‌زان پوچه‌ڵ بكاته‌وه“‌.

ئاشکراشی کرد، کە به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌روبه‌ندى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا به‌نیاز بوون خه‌تێك به‌سه‌ریاندا بكێشرێت و ئه‌وان چیان بوێت بیكه‌ن، له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى هاووڵاتییانى هه‌رێمی کوردستان، حكومه‌تى عێراق له‌گه‌ڵیان وتوێژ ده‌كات.

فازل میرانى، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی، ئەوەشی روون کردەوە" ئه‌وان خه‌یاڵیان خاوبوو، پێمانوتن كه‌ ئێوه‌ سه‌ركه‌وتوو نابن و غروره‌كه‌تان كاتییه‌، ئێمه‌ش شكستمان نه‌هێناوه‌، مێژوو شاهیده‌ كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان، رۆژێك له‌ رۆژان چۆكى بۆ دوژمن دانه‌داوه‌، هه‌میشه‌ به‌رگیكارى وڵات و میلله‌تى خۆمان بووین، هه‌ین و ده‌بین“.

جەختی لەوەش کردەوە، کە حکوومه‌تى عێراق هێزه‌ كوردییه‌كانى تاقیكردووەته‌وه‌، كێ راده‌كاته‌وه‌ بۆ به‌غدا و كێ به‌رگرى ده‌كات، به‌ڵام دواجار گه‌ڕایه‌وه‌ و مفاوه‌زاتى له‌گه‌ڵ پارتى كرده‌وه‌، دەشڵێت" به‌درێژایی مێژوو حكوومه‌تى عێراق له‌گه‌ڵ پارتى دانووستانى كردووه‌، له‌ ساڵى 1962، 1964، 1966، 1970ش هه‌ر له‌گه‌ڵ پارتى و بارزانى بووه‌، بۆ زانیاریشتان ساڵى 1991 من یه‌كه‌م كه‌س بووم كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدى یه‌كێتى چووینه‌ به‌غدا، دواى ئێمه‌ش وه‌فدێكى دێكه‌ چوون، رێزیان لێ گرتن به‌ڵام وتیان بچن با سەرۆک بارزانى بێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌و ته‌ره‌فه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.