Erbil 6°C شەممە 18 کانوونی دووەم 09:42

به‌ ڤیدیۆ.. به‌هۆی لافاوه‌که‌ی دهۆک 5 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداو 3 که‌سیش بێسه‌رو شوێنن

زیاتر له‌ 100 خانو و40 ئۆتۆمبیل و زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و 30 كه‌سیش بریندار بوون
کوردستان TV
#7
100%

باران به‌خووڕه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوو بووه‌ هۆی دروستبوونی لافاو له‌ شاری دهۆك و ده‌ورو به‌ری و به‌ هۆیه‌وه‌ زه‌ره‌رو زیانێكی گه‌وره‌ی گیانی و ماددی به‌ر شاره‌كه‌و هاووڵاتیانی ئه‌و شاره‌ كه‌وتووه‌.

كاتژمێر 9ی شه‌وی ڕابردوو به‌ هۆی بارینی بارانێكی زۆرو به‌خووڕ له‌ شاری دهۆك لافاو دروست بوو، به‌هۆی به‌رده‌وامی ئه‌و بارانه‌ به‌خووڕه‌ تا كاتژمێر 11ی شه‌و لافاوه‌كه‌ گه‌وره‌تر بوو وه‌ بووه‌ هۆی ماڵوێرانییه‌كی گه‌وره‌ بۆ هاووڵاتیانی ئه‌و شاره‌و زه‌ره‌ر و زیانی گیانی و ماددی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ هه‌ریه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و به‌ڕۆشكێ و ناحیه‌ی ڕزگاری و چه‌ند كه‌مپێكی ئاواره‌كان له‌و شاره‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دهۆك ڕایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامی دروستبوونی لافاو له‌ شاری دهۆك و ده‌ورو به‌ری زیاتر له‌ 100 خانووی هاووڵاتیان زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و زیاتر له‌ 30 ئۆتۆمبیلیش به‌ هۆی لافاوه‌كه‌وه‌ ژێر ئاو كه‌وتوون و زیانیان به‌ر كه‌وتووه‌.

پۆلیس ده‌شڵێت: هه‌ر به‌ هۆی لافاوه‌كه‌وه‌ 10 ئۆتۆمبیل وه‌رگه‌ڕاون و به‌ ته‌واوی تێكشكاون و له‌گه‌ڵ ئاوه‌كه‌دا ڕۆیشتوون.

ده‌رباره‌ی زیانه‌ گیانییه‌كانیش پۆلیسی دهۆك ده‌ڵێت: به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی لافاوه‌كه‌وه‌ 5 هاووڵاتی گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و 3 هاووڵاتی تریش تا ئێستا بێ سه‌رو شوێنه‌ و تیمه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتن و به‌رگری شارستانی به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێن.

ده‌شڵێت: زیاتر له‌ 30 هاووڵاتی به‌ سووكی بریندار بوونه‌ و چاره‌سه‌ری پێویستیان له‌ لایه‌ن تیمه‌كانی فریاكه‌وتنه‌وه‌ بۆ كراوه‌ و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن كراون.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی ئه‌و شاره‌ش ده‌ڵێت: شه‌وی ڕابردوو زیاتر له‌ 55 ملیمه‌تر باران له‌ دهۆك باریوه‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.