Erbil 8°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 02:19

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی شیلادزێ به‌رپرسی کۆمیته‌ی یه‌کێتی به‌درۆ ده‌خاته‌وه‌

ئه‌و ناوچانه‌ زنجیره‌ چیای به‌رزن و شوێنی خه‌نده‌ق لێدان نین
کوردستان TV
#7
100%

وارشین به‌رواری به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی شێلادزێ له‌ لێدوانێكی تایبه‌تیدا بۆ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان لێدوانێكی "فه‌ره‌ج ڕێكانی" به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نی حكومی له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ئاگاداری هیچ خه‌نده‌ق لێدانێك نین له‌ سنووری نێروه‌ و رێكان له‌ لایه‌ن سوپای توركیاوه‌.

ده‌شڵێت: ئه‌و ناوچانه‌ زنجیره‌ چیای به‌رزن و شوێنی خه‌نده‌ق لێدان نین و  له‌ ساڵی 1991وه‌ هیچ كه‌سێك له‌و شوێنانه‌ نیشته‌جێ نه‌بووه‌ و ناوچه‌یه‌كی چۆله‌وانیه‌ و خاڵییه‌ له‌ ژیانی مرۆڤ.

سه‌باره‌ت به‌ بازگه‌ی ئاسایشی (گوهه‌رز- دێره‌لوك) "حه‌سه‌ن بیری" به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی دێره‌لوك به‌ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: ئه‌و بازگه‌یه‌ بۆ ئاسایشی هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌ دانراوه‌ و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش شاهیده‌ له‌سه‌ر خزمه‌تی ده‌زگاكانی ئاسایش له‌م ناوچه‌یه‌.

گوتیشی: هۆكاری درووستبوونی ئه‌و بازگه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاراستنی سه‌ر  و ماڵی هاوڵاتیان له‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ چونكه‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌هاتنه‌ ناو شار و كێشه‌یان بۆ هاوڵاتیان دروست ده‌كرد ئێمه‌ش به‌ ئه‌ركمان زانی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانمان بازگه‌یه‌ك دابنێین بۆ ئاگادار بوون له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ بۆ ناو شار.

به‌رپرسی ئاسایشی دێره‌لوك راشیگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و بازگه‌یه‌ دانراوه‌ خه‌ڵكی زیاتر هه‌ست به‌هێمنی و به‌رقه‌راربوونی ئاسایش ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌.

بیری ڕاشیگه‌یاند: سه‌رله‌به‌ری قسه‌كانی به‌رپرسی كۆمیته‌ی شیلادزێ دوورن له‌ ڕاستییه‌وه‌ و  ئه‌و به‌ مه‌به‌ست و بۆ پشتگیری كردنی ئه‌و لایه‌نه‌ ئه‌و لێدوانه‌ی داوه‌و ئاسایشی به‌ رێگر و دروستكه‌ری كێشه‌ له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌.

ده‌شڵێت: دیاره‌ ئه‌و به‌ڕیزه‌ هیچ زانیارییه‌كی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ نییه‌ و ئاگادای بارو دۆخه‌كان نییه‌ له‌ سنووره‌كه‌.

هه‌ر له‌ باره‌ی لێدوانه‌كه‌ی به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتی له‌ شیلادزێ به‌رپرسێكی باڵای ئاسایش له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی دهۆك به‌ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: ئه‌م  بازگه‌یه‌ ماوه‌ی مانگێكه‌ له‌ خزمه‌ت كردن به‌ هاوڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ده‌ست به‌كار بووه‌ و بووته‌ مایه‌ی خۆشحاڵی بۆ هاوڵاتیان و بازگه‌یه‌كی ئاسایی و یاساییه‌ وه‌كو سه‌رجه‌م بازگه‌كانی تر كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا دانراون وده‌شلێت توركیا له‌ سنووری خۆیدا خه‌نده‌قی لێداوه‌ و سنووری كوردستانی نه‌به‌زاندووه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.