Erbil 9°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 10:12

هه‌رێم داواى هاوکارى له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌کات بۆ دروستکردنى دادگایه‌کى تایبه‌ت به‌ جینۆسایدى ئێزیدیان 

تا ئێستا 2 هه‌زارو 500 كه‌یسی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانى داعش كۆكراونه‌ته‌وه‌
کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، داوا له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌كات هاوكاری هه‌رێمى كوردستان بكات له‌ دروستكردنى دادگایه‌كى تایبه‌ت به‌ جینۆسایدى كوردانى ئێزیدى، پاش ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن دادگاى باڵاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ له‌ لاهاى ڕاگه‌یه‌ندرا.

لە كاتێكدا به‌هۆى ئه‌ندام نه‌بوونى عێراقەوە له‌ دادگای لاهای، ناتوانن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانى شه‌ڕى داعشدا بكه‌ن، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ڕایده‌گه‌یه‌نێ تا ئێستا 2 هه‌زار و 500 كه‌یسی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانى داعش كۆ كراونه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌ن بۆ پێشكه‌شكردنى به‌ هه‌ر دادگایه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌ى تێدا بكات.

فوئاد عوسمان گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بۆ باسنیوز ڕایگه‌یاند" ڕۆژى 2/5/2018 وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكى وڵاتى ئه‌ڵمانیا كردوە، كه‌ پێك هاتبوون له‌ دكتۆر كریستوف هوفمان ئه‌ندامى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا و نوێنه‌رى كۆنسوڵگه‌رى گشتیى ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر، كه‌ به‌ مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ پێداویستى و داواكارییه‌كانى وه‌زاره‌ت و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى بۆ پرسی جینۆساید نراون، سه‌ردانی وه‌زیری كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانیان كردبوو".

هه‌روه‌ها گوتى "وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كورته‌یه‌كى مێژوویی له‌باره‌ى جینۆسایدى گه‌لى كورد له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس و ڕێكخراوى داعشدا بۆ شانده‌كه‌ خسته‌ڕوو، داوای لێ كردن هاوكاری هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن بۆ دروستكردنى دادگایه‌كى تایبه‌ت به‌ جینۆسایدى كوردانى ئێزیدى، پاش ئه‌وه‌ى دادگاى باڵاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى له‌ لاهاى وه‌ڵامى داخوازییه‌كى لیژنه‌ى باڵاى ناساندنى جینۆسایدى كوردانى ئێزیدى دابووه‌وه‌، به‌وه‌ى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى عێراق له‌ دادگاكه‌دا ئه‌ندام نییه‌، ناتوانن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانى شه‌ڕى داعشدا بكه‌ن، بۆیه‌ لیژنه‌كه‌ پێی باش بووه‌ دادگایه‌كى تایبه‌ت به‌ ستانداردى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دروست بكرێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا "داوا له‌ شانده‌كه‌ كراوه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ى ڕوفاتى قوربانیانى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان هاوكار بن بۆ دروستكردنى تاقیگه‌یه‌كى DNA و چاره‌سه‌ركردنى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایی، كه‌ 30 كه‌س له‌و به‌ركه‌وتووانه‌ پێویستى خێرایان به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ى هێنانى تیمێكى پزیشكی ئه‌ڵمانى بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، یان بردنى به‌ركه‌وتووه‌كان بۆ ئه‌ڵمانیا بۆ چاره‌سه‌ركردنیان".

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕوونی كرده‌وه‌ "له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌نته‌ره‌ى له‌ شارى دهۆك هه‌مانە، تا ئێستە 2 هه‌زار و 500 كه‌یس كۆ كراونه‌ته‌وه‌ تایبه‌ت به‌و كه‌سانه‌ى له‌ ده‌ستى داعش ڕزگار بوون و تاوانه‌كانیان بینیوه‌ و ئاماده‌ن بۆ پێشكه‌شكردنى به‌هه‌ر دادگایه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌".

ئاشكراشی كرد "په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ به‌ڵێنى داوه‌ داواكارییه‌كانى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بگه‌یه‌نێته‌ سه‌رووى خۆی و هه‌رچی له‌توانایدایه‌ بۆ هاوكاریكردنمان بیكات".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.