Erbil 12°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 10:25

دوا باده‌   

جارێكی تر لێوه‌كانی ئه‌شق به‌شه‌رابی سوری خوێناوی ته‌ڕبكه‌نه‌وه‌
کوردستان TV
100%

له‌ دوا ساته‌كانی دوایین دیداری سه‌فه‌ره‌كه‌ی ، به‌ یه‌ك گێرانه‌وه‌ی خه‌مناك , هه‌مو رۆژانی گه‌شته‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی ، له‌ هزریدا دووباره‌ كرده‌وه‌ .

 له‌گه‌ل یادكردنی هه‌ر چركه‌ ساتێك ، به‌ قومێك شه‌رابی سوری خوێناوی , لێوه‌كانی خۆی ئاڵ ده‌كرد ،ئه‌و شه‌رابه‌ی كه‌ شه‌وانێكی دور و درێژی كورت ده‌كرد و ره‌نگی په‌ممه‌یی ده‌به‌خشییه‌ ده‌ورو به‌ریان , چركه‌ ساته‌كان له‌ گه‌رمه‌ی چۆرینی ئازاره‌كان و قورسی وشه‌كانی لێكدابڕانی چالاك تر و خێراتر كردبو , ته‌نانه‌ت كاتژمێره‌كانیش فریای سوڕی میله‌كانی خۆیان نه‌ده‌كه‌وتن , ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یان به‌سه‌رنج خۆیا ده‌كرد كه‌ ئه‌و هه‌مو شه‌و ورۆژه‌ی به‌سما و پێكه‌نین , گوزه‌ریان له‌ نێواندا كردبو خه‌ریكه‌ , فریای چاو هه‌ڵهێنانی كچه‌ قژگلوازه‌ سوره‌كه‌ نه‌ده‌كه‌وت , فریادره‌سه‌ ئه‌سمه‌ره‌كه‌ش ته‌نها به‌هیوای مه‌له‌كردن وسه‌وڵ لێدان بوو له‌ ناو شه‌پۆلی چاوه‌ ئاسمانییه‌كاندا , ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ویست كه‌ خه‌مه‌ داهاتووه‌كان له‌ بیر خۆی بباته‌وه‌ , به‌سه‌رنجی نیگا شێداره‌كانی كچه‌ سوركه‌له‌كه‌ , فریادره‌سه‌كه‌ چه‌ندین جار بریاری به‌په‌له‌ و كرچ و كاڵی ده‌دا !؟ , كه‌ ئیدی ئه‌مه‌ گه‌مه‌ێكی قه‌ده‌ره‌ و ده‌بێ به‌و په‌ڕی بڕوابوون به‌و هه‌سته‌ شاعیرانه‌یه‌ و به‌ رێڕه‌وی عشقێكی ناكام ، بڕیاری مانه‌وه‌ و درێژه‌دان به‌ ژیانێكی ئه‌فسوناوی بدات ، ژیانێك له‌كه‌ناری ئه‌و ده‌ریایه‌ ، كه‌ سنوره‌كانی نێوان چاوی شینی كچه‌ سوركه‌له‌ قژ گلوازه‌كه‌ و رابودو وه‌ ره‌شتاڵه‌كه‌یه‌تی .

به‌ هه‌مو به‌رائه‌ت و ناسكی خۆی ، پرسیاری لێ ده‌كرد :

ئاخر بۆچی ، ماوه‌یكی تر نامێنینه‌وه‌ ؟ ته‌نها ماوه‌ێكی كورت ، باهه‌ندێ تامه‌زرۆییم كه‌م بێته‌وه‌ ؟

كاتێ پرسیاری لێ ده‌كرد ، شه‌پۆڵی پڕ فرمێسكه‌كانی , چاوه‌شینه‌كانی سور هه‌ڵده‌گه‌راند و ئیدی رومه‌ته‌كانیشی توانای هه‌ڵگرتنی ، ئه‌و هه‌مو ئازار و مه‌ینه‌تیی و هیوا له‌ گۆر خراوه‌كانی نه‌ده‌ما , فرمێسكه‌كان یه‌ك به‌دوای یه‌كدا ، ده‌ستی تكایان ده‌خسته‌ ناو یه‌ك و نوزاكانیان بۆ چاوه‌ هه‌نگوینیه‌كه‌ی فریادره‌سه‌كه‌ به‌رز ده‌كرد، وه‌كو په‌یامبه‌رێكی بێ توانا و بێ هێز ، په‌یامه‌كانیان له‌سه‌ر چه‌نه‌ له‌رزۆكه‌كه‌یه‌وه‌ شۆر ده‌بوونه‌ خواره‌وه‌ ، به‌ كه‌وتنی هه‌ر فرمێسكیك گه‌ڵایه‌ك له‌ داری ئومێد ، كۆتایی به‌ته‌مه‌نی خۆی ده‌هێنا و خۆی راده‌ستی فه‌نابوون ده‌كرد ، كاتێ كۆمه‌ڵێك په‌یامی پڕ ئومید خۆیان ده‌كرده‌ قوربانی  ئه‌و ساتانه‌ی كه‌ خه‌ریك بوون له‌ دوا ده‌ست گوشین نیزیك ده‌بوونه‌وه‌ ، له‌ وڵامدا  هه‌مو تواناكانی ده‌خسته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی دڵنه‌وایی پێ ببه‌خشێ :

ئا بۆ نا !؟ له‌وانه‌یه‌ مانه‌وه‌م ئومێدێكی زیاترم پێ ببه‌خشێ له‌ ژیاندا ، به‌ڵام ؟ !

ئه‌و به‌ڵامه‌ كه‌ ده‌كه‌وته‌ نێو قسه‌كانی  وه‌كو گه‌رده‌لولێك هه‌مو هیوا و ئامانج و خه‌ونه‌ نه‌زۆكه‌كانی ، له‌ گۆری ساته‌ ناكامه‌كاندا  ده‌خسته‌ ژێر خۆله‌مێش و سوته‌كی جگه‌ره‌كه‌یانی و چاوه‌شینه‌كانی هان ده‌دا شه‌پۆلێكی تری فرمێسكی خوێناوی برژێنێ ، وه‌كو رێره‌وه‌كه‌ی ڕوباری (دانوب ) له‌سه‌ر رومه‌ته‌ سورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی هه‌ڵبكه‌نێ  و ورده‌ ورده‌ خه‌مه‌كانی سه‌فه‌ری وێڵی به‌ره‌و ده‌ریای نائومێدی و فه‌نای خۆشییه‌كان ببه‌ن ،

به‌هه‌نیسكه‌وه‌ ده‌یپرسی :

ئاخر بۆ  به‌ڵام به‌كار دێنی ؟؟ ئه‌ی نه‌گوت  هیوای تازه‌م ده‌بێت ؟!

هه‌مو توانا یاساییه‌كانی پێشوی وجه‌ربه‌زه‌ییه‌كه‌ی  فریای وڵامی چاوه‌ پڕ فرمێسكه‌كانی نه‌ده‌دا  هه‌ر جارێك ته‌ماشای (بسكه‌كانی) ده‌كرد ، تاڵه‌ قژه‌گلوازه‌كه‌ی له‌ناو پێچه‌كانی خۆیدا ، وێڵی ده‌كرد و سه‌ری لێ ده‌شێواند و دووباره‌ ، بڕیاری تێكشكاندنی هه‌مو به‌ربه‌سته‌كانی ده‌دا و دونیا له‌ پێش چاوه‌ هه‌نگوینییه‌كاندا وه‌كو به‌هه‌شتێكی پڕ ئومێدی لێ ده‌هات ، زۆر جار بروای نه‌ده‌كرد كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان ، ئه‌و هه‌مو سۆز و ئه‌وینه‌ له‌ دونیادا ، بوونی هه‌بێت ! چونكه‌ ئه‌و لانه‌یه‌ی گوزه‌ری تێدا كردبو ته‌نها كۆمه‌ڵێك كۆت و به‌ند و ده‌روازه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو و نهێنی پڕ ته‌لیسم بوون  كه‌ به‌ هه‌مو جادوكارانی دونیا ناكرێنه‌وه‌ ، قه‌د رۆژیك له‌ رۆژان ، فرمێسكی ئافره‌تیكی فریشته‌ ئاسای نه‌بینی بوو، نوزای مانه‌وه‌ی لێ بخوازێت .

ده‌نگی چركه‌ چركی كاتژمێره‌ دڵ ره‌قه‌كان ، زوو زوو به‌ئاگای ده‌هێنان و زیاتر له‌یه‌كتر نیزیك ده‌بوونه‌وه‌ ، یه‌كتریان له‌ناو چاوه‌ پڕ فرمێسكه‌ بێ نازه‌كان له‌باوه‌ش ده‌گرت وهه‌ناسه‌بركێیان توش ده‌بو، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون كه‌پێش رێڕه‌وی چركه‌ساته‌كان بكه‌ون ، ئه‌وه‌نده‌ به‌په‌له‌ له‌ده‌وری باده‌كاندا یه‌كتریان له‌ئامێز ده‌گرت و له‌ناو قوڵایی ناخیاندا ئاوێته‌ی شه‌رابی سوری نێو دڵه‌كانیان ده‌بوون و شه‌رابی چێماوی سه‌ر لێوه‌كانیان ، له‌یه‌كتر وه‌رده‌گرت وزیاتر خولیای سه‌ماێكی شێتانه‌ ده‌بوون .

قژه‌ گلوازه‌كه‌ی به‌یه‌ك خۆبادانێك به‌هه‌مو لایه‌كی ئه‌و شه‌وه‌ پرَ مه‌ینه‌تییه‌ی ئه‌و دوو باڵنده‌ گێویه‌ ، سه‌فه‌ری ده‌گرد و ره‌نگی شه‌وه‌كه‌ی وه‌كو خۆی سور ده‌كرد ، هاوشێوه‌ی هه‌ورێكی سورهه‌ڵگه‌ڕاوی جلله‌ی زستانیكی سه‌ر سه‌خت ، كه‌ بۆشایی ژیانی فریادره‌سه‌كه‌ی داده‌پۆشی و هه‌مو دونیای له‌ نێو بازنه‌ی تاڵه‌كانیدا به‌ند ده‌كرد ، چاوه‌ ئاسمانییه‌كان بێ ئاگا نوقمی گێژاوه‌كانی چاوه‌ هه‌نگوینییه‌كان ده‌بوون و به‌نه‌شوه‌ی توانه‌وه‌یان، له‌ قوڵایی ئامێزی چركه‌ساته‌ دۆڕاوه‌كاندا هه‌رایه‌كی بێ وێنه‌یان ده‌خولقاند، چۆش و خرۆشی دیمه‌نه‌كانی توانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی تاراده‌ی فه‌نابوونیان , به‌ ئاگا ده‌هێنا و هانی چاوه‌شینه‌ سورهه‌ڵگه‌راوه‌كانیان ده‌دا شه‌پۆڵێكی تری فرمێسك و هه‌نیسكی پڕ ئازار تێكه‌ل به‌یه‌ك بكات و هیوای ده‌خوازت كه‌ ئه‌م ئازار و مه‌ینه‌تییه‌ ، مۆته‌كه‌یه‌ك بێت ولێی به‌ئاگا بێته‌وه‌ ، وه‌كو پێشو شه‌و و روژی دونیایه‌كی په‌ممه‌یی ده‌وره‌ی بدات ، به‌ڵام كاتژمێره‌كان هیچ بوارێكیان نه‌هێشتبو  بۆ ئه‌و خه‌ون وخه‌یاڵه‌ با بردووه‌ ، به‌ هیوایه‌كی بریندار دوا باده‌ی پڕ كرد و داینایه‌ سه‌ر لێوی مێزه‌كه‌ ، له‌ چاوه‌روانی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر دووكیان پێكه‌وه‌ له‌و باده‌یه‌ بخونه‌وه‌ وه‌كو هێمایه‌ك بۆ تیكه‌ڵ بوونی روح و جه‌سته‌و هزریان  كاتێ فریادره‌سه‌كه‌ی ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و له‌ به‌ركردنی پاڵتۆكه‌ی هه‌نگاو ده‌نێت وپاسپۆرته‌كه‌ ده‌خاته‌ گیرفانی و كاتژمێره‌ ره‌زا قورسه‌ گران به‌هاكه‌ی له‌ ده‌ستده‌كات و مل پێچه‌ جوانه‌ به‌ده‌ست جینراوه‌كه‌ی له‌ ملی خۆی ده‌ئاڵێنی و به‌ده‌نگیكی پڕ له‌ ئازار ده‌لێت :

باوه‌رت بێت له‌ نیزیك ترین كاتدا دێمه‌وه‌  به‌هه‌شته‌كه‌م ، دڵنیابه‌ !؟!؟

خانمه‌سوركه‌له‌كه‌ش ئا له‌و كاته‌ كۆمه‌ڵێ فرمێسك و هه‌نیسك ، زۆری بۆ دێنن كه‌ به‌هه‌مو شێوه‌ێك هه‌وڵ ده‌دات , بۆ ئه‌وه‌ی ئازاره‌كانی بیشارێته‌وه‌ و بارودۆخكه‌ خه‌مناكتر نه‌كات ، به‌ڵام هه‌نیسك و گریانی تێگه‌ڵاو بوو له‌گه‌ل پیچه‌كانی تاڵه‌ قژه‌ گلوازه‌كه‌ی كچه‌ سوركه‌ڵه‌كه‌ , ڕایده‌پیچێ به‌ره‌و قوڵایی ناخه‌ پڕ ئازاره‌كه‌ی ، به‌ وردی و به‌ هێمنی ئاور بۆ كچه‌ چاوشینه‌ ئاسمانییه‌كه‌ ئه‌دا و به‌هه‌مو هێز و توانایه‌كه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت وله‌ ئامێزی ده‌گرێت وبه‌په‌ڕی گڕو تینه‌وه‌ ، ماچێكی قوڵی لێوه‌ ئاڵه‌كانی ده‌كات و به‌په‌له‌ جانتاكه‌ی هه‌ڵده‌گرێ و به‌ره‌و ده‌روازه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ هه‌نگاو ده‌نێت ، كچه‌ چاوشینه‌ كه‌  هه‌واری پڕ ئازاری خۆی قوت ده‌دات و وه‌كو چیاێكی ده‌روخێته‌ سه‌ر كورسییه‌كه‌ی و به‌چاوی پڕ فرمێسك و ئازاره‌وه‌  له‌ هه‌نگاوه‌كانی ده‌ڕوانێ , له‌ نكاو چاوی به‌ باده‌ شێداره‌ جێماوه‌كه‌ ده‌كه‌وێت ، وه‌كو چاوه‌كانی خۆی دوو دڵۆپه‌ فرمێسكی لێوه‌ دێته‌ خواره‌وه‌ روی مێزه‌كه‌ ته‌ڕ ده‌كات , دوایین نیگای هه‌ڵدینێ ته‌ماشای فریادره‌سه‌كه‌ی ئه‌كات  كاتێ سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی ده‌بێت ، ئه‌ویش بارێك نا ئومیدی ده‌كاته‌ هاورێی خۆی و ورده‌ ورده‌ هه‌ڵده‌ستێت پاڵتوكه‌ی له‌به‌ر ده‌كات و به‌ره‌و ژیانی ته‌نیایی هه‌نگاو ده‌نێت و باده‌ خه‌مناك و گریاوه‌كه‌ش له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ به‌جێ ده‌هێڵێ, به‌ هیوای ئه‌وه‌ی , له‌ نیزیكانێكدا پێكه‌وه‌ بیخۆنه‌وه‌ , و جارێكی تر لێوه‌كانی ئه‌شق به‌شه‌رابی سوری خوێناوی ته‌ڕبكه‌نه‌وه‌ ……. ؟!

 ن/ تارق ئاكره‌یی

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

 

 

 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.