Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 05:50

مه‌لا به‌ختیار: پاسه‌وانه‌کانی یه‌کێتی به‌ پاره‌و چه‌کی یه‌کێتی له‌ ده‌وری به‌رهه‌م ساڵح دان

ره‌خنه‌كایان له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌و ره‌خنه‌یه‌ك له‌ جه‌نابی عه‌بادی ناگرن
کوردستان TV
#7
100%

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی رایده‌گه‌ێنێ، تائێستاش به‌رهه‌م ساڵح ئیمكانیه‌تی یه‌كێتی له‌به‌رده‌سته‌و پاسه‌وانه‌كانی یه‌كێتی به‌ پاره‌و چه‌كی یه‌كێتی له‌ ده‌وریدان.

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌كۆرێكدا له‌ شاری چه‌مچه‌ماڵ رایگه‌یاند: مادام مه‌سه‌له‌كه‌ هاتۆته‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردن‌و دوو سێ ره‌وتی تازه‌ باسی نوێگه‌ری‌و نه‌وه‌ی نوێ ‌و ئه‌مانه‌ ئه‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی ستراتیژیان هه‌بێت. به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ وردی له‌ ئه‌ركه‌كانی نوێگه‌ری تێگه‌یشتبن. مادام له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا دروست بون‌و هه‌ندێكیان له‌ناو ئێمه‌دا نه‌یانتوانی مه‌رامی مه‌زنخوازی به‌دیبهێنن‌و خۆیان مه‌ڵاس دا بۆ كاتی هه‌ڵبژاردن‌و حزبیان دروستكردو به‌ په‌له‌ كۆنفراسیان به‌ست، بۆئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م ره‌وته‌ تازانه‌ نه‌ك ناتوانن ئامانجی ستراتیژییان هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بنه‌ مایه‌ی زیانگه‌یاندن به‌ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی وه‌كو ئێمه‌ كه‌ ئامانجی ستراتیژیمان هه‌یه‌.

مه‌لا به‌ختیار، رونیشكرده‌وه‌: حكومه‌تی هه‌رێم حه‌وت كابینه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، له‌ناو ئه‌م كابینانه‌دا دوو كابینه‌ی له‌ ئیداره‌ی سلێمانی‌و ئیداره‌ی سه‌رانسه‌ریی كوردستاندا، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی سه‌رۆكی بووه‌. ئێستا ئه‌م سیحره‌ چییه‌ ئه‌م هێزه‌ تازانه‌ باسی ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ حه‌وت مانگدا دونیا بگۆڕن، ئه‌ی 27 ساڵه‌ له‌كوێ بوون؟ له‌ ئه‌شكه‌وتدا خه‌وتبون ‌و ئێستا خه‌به‌ریان بۆته‌وه‌؟ بۆیه‌ له‌ حه‌وت مانگدا دروستبونی دوو ره‌وت، خۆی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازن نه‌ك گۆڕانخواز و چاكخواز.

راشیگه‌یاند: دوو ساڵیشه‌ پڕوپاگه‌نده‌ دژی یه‌كێتی ده‌كه‌ن، گوایه‌ یه‌كێتی نه‌ماوه‌و كادیره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سارد ده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها مه‌لا به‌ختیار، ره‌خنه‌ی له‌و هێز و ره‌وته‌ تازانه‌ گرت كه‌ ئاراسته‌ی مه‌رامه‌كانیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ره‌و به‌غدایه‌، كه‌چی شه‌ڕ به‌ ئێمه‌ ده‌فرۆشن. له‌كاتێكدا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ به‌غدا شه‌ڕ بۆ كورد بكه‌ین، كه‌چی هه‌موو ره‌خنه‌كایان له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌و ره‌خنه‌یه‌ك له‌ جه‌نابی عه‌بادی ناگرن، ره‌خنه‌یه‌ك له‌ پارله‌مانی عێراق ناگرن كه‌ پار له‌ ماوه‌ی نیو سه‌عاتدا 13 بڕیاری شۆڤێنییان دژی كورد ده‌ركرد.

 گوتیشی: سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی له‌ ئێمه‌ جیابۆته‌وه‌، ئازاده‌، له‌كاتێكدا تائێستاش ئیمكانیه‌تی یه‌كێتی له‌به‌رده‌سته‌و پاسه‌وانه‌كانی یه‌كێتی به‌ پاره‌و چه‌كی یه‌كێتی له‌ ده‌وریدان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر رێزی ئه‌و ئازادییه‌ بگرێت، پێویست ناكات گوتاری روخاندنی ئێمه‌ به‌رزبكاته‌وه‌.

ئاماده‌كردنی: رزگار

سه‌رچاوه‌/چاودێر نیوز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.