Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 13:29

نێچیرڤان بارزانی و شه‌ریعه‌تمه‌داری، په‌یوه‌ندییه‌ ئابووریه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئێران تاوتوێ دەکەن

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم پێشوازی له‌ وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی ئێران كرد
کوردستان TV
#7
100%

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/5/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز د. محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داری، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق، ئاغای موقیمی پارێزگاری تاران، ئاغای شه‌هریاری پارێزگاری ئورمیه‌، ئاغای دانایی فه‌ر سه‌رۆكی په‌ره‌پێدانی بازرگانیی عێراق و ئێران و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ ژووره‌ بازرگانی و ئابوورییه‌كانی پارێزگا جیاجیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، ده‌ربڕی. ئاماژه‌یان به‌‌ په‌یوه‌ندییه دێرینه‌كانی نێوان‌ هه‌رێمی كوردستان و ئێران كرد‌ و ئاماده‌ییی خۆیان بۆ په‌ره‌پێدانی‌ زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی ئابووری و پیشه‌سازی و بازرگانیدا، نیشان دا.

شاندی میوان ده‌سخۆشییان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ هه‌نگاوه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ ئێران خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ سه‌قامگیرییه‌كی ته‌واو له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و بازرگانیدا نیشان دا، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی ده‌خوازن سه‌قامیگریی ئابووری له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئێران كه‌ خاوه‌ن ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، ده‌توانێت هاوكاریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بێت.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی شاندی ئێرانی كرد بۆ به‌شداریكردنیان له‌ كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و هیوای خواست كۆنفرانسه‌كه‌ سوودی بۆ هه‌ردوولا هه‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسی به‌ڕێزان باڵیۆز و كونسولی كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌شی كرد كه‌ هاوكار بوون بۆ به‌رەو‌پێشه‌وه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌كانی زانستی و ئابووری و بازرگانی و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌بوون.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.