Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 13:35

حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران بانگه‌وازێکی به‌ په‌له‌ ئاراسته‌ی کوردانی هه‌موو جیهان ده‌که‌ن

دژی به‌ڕێوه‌بردنی حوكمی له‌ سێداره‌دانی ڕامین په‌ناهی ناڕه‌زایه‌تیی ده‌رببڕن
کوردستان TV
#7
100%

ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، له‌ بانگه‌وازێكدا، داوای له‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتییان و هاونیشتمانیان ده‌كه‌ن، دژی به‌ڕێوه‌بردنی حوكمی له‌ سێداره‌دانی "ڕامین حوسێن ‌په‌ناهی" چالاكیی ناڕه‌زایه‌تیی ده‌رببڕن.

ده‌شلێن: چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌، هه‌ڵمه‌تێكی خێرا و گشتی بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی بیروڕای گشتی بۆ لای تاوانێك كه‌ خه‌ریكه‌ ڕوو بدات، وه‌ڕێ بخه‌ن.

ئه‌مه‌ش ده‌قی بانگه‌وازه‌كه‌یه‌:

"ئه‌گه‌ری ئێعدامی ڕامین حوسێن‌په‌ناهی هه‌یه‌!

هه‌ڵمه‌تێكی گشتی و خێرا بۆ ڕزگاركردنی گیانی ئه‌و پێویسته‌!

له‌ ڕۆژی سێشه‌مه‌ ١١ی بانه‌مه‌ڕه‌وه‌، به‌ندیی سیاسیی كورد، ڕامین حوسێن ‌په‌ناهی، بۆ قه‌ره‌نتینه‌ ڕاگوێزراوه‌ و نیشانه‌كان ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن، كه‌ جه‌للاده‌كانی كۆماری ئیسلامی نیازی ئێعدامی ئه‌و لاوه‌ كورده‌یان له‌م 1-2 ڕۆژه‌دا هه‌یه‌. به‌ سه‌رنجدان به‌ ته‌ئیدكرانه‌وه‌ی حوكمی له‌سێداره‌دانی ڕامین له‌ لایه‌ن دیوانی به‌رزی وڵات و هه‌روه‌ها به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ڕق و دوژمنایه‌تیی له‌مێژینه‌ی كۆماری ئیسلامی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستان و له‌مانه‌ش گرینگتر، پێویستیی ئێستای ئه‌و ڕێژیمه‌ به‌ چاوترساندنی خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتووی شار و ناوچه‌كانی كوردستان، نیگه‌رانی له‌ ئێعدامی ڕامین حوسێن‌په‌ناهی زۆر جیددییه‌.

له‌م دوا ساتانه‌ی ژیانی ئه‌و لاوه‌ كورده‌دا، ته‌نیا شتێك كه‌ ده‌توانێ ئه‌م ڕێژیمه‌ له‌ بڕیاڕی ئێعدامی ئه‌و پاشگه‌ز بكاته‌وه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی هاوزمانان و هاونیشتمانانی ڕامین و هه‌موو مرۆڤه‌ به‌ویژدان و به‌هه‌ڵوێسته‌كان له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ بانگه‌وازی كۆمه‌ڵێك كه‌مپه‌ین و چالاكیی له‌ نێوخۆی ڕۆژهه‌لات و له‌ وڵاتانی ئورووپایی بڵاو بوونه‌ته‌وه‌.

ئێمه‌ وێڕای پشتیوانی له‌ كۆبوونه‌وه‌ و ڕێپێوان و هه‌ر حه‌ره‌كه‌تێكی دیكه‌ بۆ به‌رگریی له‌ گیانی ڕامین حوسێن ‌په‌ناهی و مه‌حكووم كردنی بڕیار و نییه‌تی ئێعدامی ئه‌و به‌ندییه‌ سیاسییه‌، له‌ هاونیشتمانان له‌ نیوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات داواكارین دوایین ده‌رفه‌ته‌كان بۆ ده‌نگهه‌ڵبڕین دژی ئه‌م تاوانه‌، له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن.

چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌یه‌، هه‌ڵمه‌تێكی خێرا و گشتی بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی بیروڕای گشتی بۆ لای تاوانێك كه‌ خه‌ریكه‌ ڕوو بدات، وه‌ڕێ بخه‌ن.

له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌رگری، له‌ مافی مرۆڤیش داوا ده‌كه‌ین، هه‌وڵه‌كانی خۆیان به‌ مه‌به‌ستی نه‌جاتی گیانی ڕامین حوسێن‌په‌ناهی، زیاتر و خێراتر بكه‌ن".

ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران پێكهاتوو له‌:

ـ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

ـ كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران

ـ حیزبی دێموكراتی كوردستان

ـ سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران

ـ كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان

12ی بانه‌مه‌ڕی 1397ی هه‌تاوی

2ی مه‌ی 2018ی زایینی

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.