جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، خەڵكی كوردستان هێزێكیان دەوێت كە بەرگریان لێ بكات، چونكە باش دەزانن لەگەڵ پارتی دەستكەوتی زیاتریان دەبێت.
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نێو جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە شەقڵاوە گوتارێکی پێشکەش کرد و لە دەستپێکدا بە شیعرێکی مامۆستا هەژار دەستی پێ کرد، کە باسی سەفین دەکات و باسی لەوە کرد، چۆن مامۆستا هەژار دەڵێ کورد لە مەیدانی خەباتدا چەقیوە و سەفینە، ئەمڕۆیش ئێمە وەک پارتی دەڵێین: "ئێمە لە مەیدانی خەباتدا چەقیوین و سەفینین.
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانەی بەشداری كردنی لە كەرنەڤاڵی لیستی 184ی پارتی لە شەقڵاوە گوتی، خەڵكی كوردستان دەزانن لەگەڵ پارتی ئاسایش سەقامگیر دەبێت و ئاوەدانی زیاتر دەبێت، بۆیە پارتی وەك هێزی یەكەم دەمێنێتەوە و هەوڵی زیاتر دەدات.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، 10 ڕۆژی دیکە وادەی هەڵبژاردنە، بۆیە داوای لە لایەنگرانی پارتی کرد بە گوڕوتینەوە کار بکەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی، پارتی مافی هەموو پێكهاتە ئاینییەكان دەپارێزێت و هەرگیز سازش لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان ناكات، چونكە پارتی شەڕی وەرگرتنی پۆست ناكات و ئەوە گرنگی لامان نییە، بەڵكو پارێزگاری كردن لە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی گرنگە.
جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتیشی کردەوە: پارتی حزبی خەبات و شۆڕش و ئاوەدانییە، حزبی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووە، حزبی یەکەمی کوردستانە و بە حزبی یەکەمی کوردستانیش دەمێنێتەوە.
نێچیرفان بارزانی لە باسی پارتی و خەڵکدا بۆ جەماوەری پارتی گوتی: خەڵکی کوردستان مافی ڕەوای خۆیان دەوێ، وەک خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و سەقامگیری، حزبێکیان دەوێ داکۆکییان لێ بکات، بۆیشیان دەرکەوتووە کە لەگەڵ پارتی هەموو ئەوانە و زیاتریشیان دەبێت، بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەن.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیشی دا: خەڵکی کوردستان دەزانن ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی باشترە و سەقامگیریی زیاتریان بۆ بەرقەرار دەبێت و ئایندەیان باشتر دەبێت. پارتی بۆ پاراستنی دەستەکەوتەکانی کوردستان و مانەوەی قەوارەی دەستووری و کیانی هەرێمی کوردستان و بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ گەنجانی کوردستان دەچێتە بەغدا، نەوەک بۆ شەڕی ململانێی بێمانای سەر تیڤییەکان."
نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە جەماوەری کوردستان کە: کوردستان لە بەغدا پێویستی بە پارێزەرێکی سەرخستنی وەک پارتی هەیە کە تەنیا لە پێناو کوردستان خەبات بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان مافەکانی گەلی کوردستان و هەموو پێکهاتە ئیتنی و نەتەوەییەکان دەپارێزێ، پارتی لە هیچ گوشارێک ئامادە نییە سازش لەسەر مافەکانی کوردستان بکات لە هەر شوێنێک."
نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەوەی بۆ پارتی گرینگە، ئەوەیە چۆن پارێزەری دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بێت، ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی شەهیدان و بە شەونخونیی ئێوەی بەڕێز هاتووە لەو پێناوە ئێمە دەچینە بەغدا، خەڵکانێک بۆ ئەوەی ئێوە سارد بکەنەوە دەڵێن، ئەی پارتی ئەگەر ڕیفراندۆمی کرد بۆچی دەچێتە بەغدا، ئێمە کە ڕیفراندۆممان کرد یەک دروشمان هەبوو کە دەبێ کێشکەکان بە دەستوور لە عێراق چارە بکرێن، دەمانەوێ پێیان بڵێین، کە مافە دەستوورییەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێ، دەبێ ئەو دەستەکەوتانە زیاتر بکرێن، ئێمە پێیان دەڵێن، ڕۆژێک پێش و ڕۆژێک دوای ڕیفراندۆم دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا داناخەین، هەتا دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ هەبێ پارتی هیچ ڕێگەی دیکە ناگرێتە بەر."
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتی: دەمەوێ لەو ڕۆژەدا لە دامێنی چیای سەفیندا بەو خەڵکە بڵێین، پارتی بڕوای تەواوی بە مافی چارەی خۆنووسین هەیە و لێرە و لە بەغدا و لە جیهان خەباتی بۆ دەکات، پارتی بە پلانەوە دەچێتە بەغدا، بۆ هەرێمی کوردستان گرینگە کە پارتی بە سەنگەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکات."
لە کۆتایی گوتارەکەدا گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێ هێزەکانی کوردستان لە بەغدا یەکدەنگ بین و ئەگەر کێشەیەکیشمان هەبێ لە کوردستان لە نێو ماڵی خۆمان چارەی بکەین، ئیمە دەمانەوێ پێکەوە لە بەغدا بە هەموو کوردستانییەکانەوە لە بەغدا بەرگری لە کوردستان بکەین."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.