Erbil -1°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 06:58

کێشه‌کانی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری سلێمانی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

گۆڕان ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و پۆسته‌ راده‌ستی یه‌كێتی بكاته‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر كه‌ له‌سه‌ر پشكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وه‌رگرتووه‌، له‌ سه‌ر لێدوانی به‌شێك له‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌ باره‌ی كۆتایی هاتنی واده‌ی مانه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی هاته‌ ده‌نگ.

رۆژی رابردوو به‌شێك له‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌ شاری سلێمانی رایانگه‌یاند، به‌پێی رێككه‌وتنامه‌ی سیاسی نێوانیان كه‌ به‌ر له‌ چوار ساڵ له‌نێوان هه‌ردوولا واژووكراوه‌، واده‌ی مانه‌وه‌ی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌ پۆسته‌كه‌ی كۆتایی هاتووه‌ و پێویسته‌ راده‌ستی یه‌كێتی بكاته‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مڕۆ پارێزگاری سلێمانی، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌ په‌راوێزی به‌شداری كردنی له‌ كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی بازرگانی له‌ شاری سلێمانی، له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن دوا و گوتی: ئه‌و پۆسته‌ راده‌ستكردن و وه‌رگرتن نییه‌، ئه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠١٤/٤/٣٠ هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌ و رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ و له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌ و له‌ رێككه‌وتنی دوو لایه‌نی سیاسییه‌وه‌ بووه‌ته‌ وه‌ره‌قه‌یه‌كی یاسایی، ئه‌وه‌ی ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌وه‌ بداته‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ نه‌ك ته‌نها ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی ئیشه‌كه‌یان كردووه‌".

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر گوتی: وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌ڵامی ره‌سمییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی یاسا بڕۆین، ئه‌مه‌ش نه‌كه‌ینه‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌موومان به‌ ئیراده‌ی خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانی سه‌رقاڵی كاركردنین.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ زاری به‌شێك له‌ به‌رپرسانییه‌وه‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاماده‌ نیین ئه‌و پۆسته‌ راده‌ستی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بكه‌نه‌وه‌، پارێزگاری سلێمانیش له‌ لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی پشت راست كرده‌وه‌ و گوتی: ئومێد ده‌كه‌ین به‌ زوویی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ بچێت تا به‌خێرایی پارێزگاری تازه‌ هه‌ڵبژێردرێت و ئێمه‌ ده‌ستاو ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین.

ئاماده‌كردنی: رزگار

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.