Erbil 9°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 20:31

هیومان رایتس وۆچ: هێزه‌ عێراقییه‌کان سزای به‌ کۆمه‌ڵی که‌سوکاری چه‌کدارانی داعش ده‌ده‌ن

رێگا ناده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان كه‌ پێشتر لێی ئاواره‌ بوون
کوردستان TV
100%

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ رایده‌گه‌ێنێ، داوا له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان كراوه‌ رێگه‌ به‌ خێزان و كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گومان ده‌كرێت رۆڵه‌كانیان سه‌ر به‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعش بووبن، نه‌ده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان كه‌ پێشتر لێی ئاواره‌ بوون.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ به‌ هۆی ئه‌و رێوشوێنه‌وه‌، سه‌دان كه‌س له‌و خێزانانه‌ی كه‌ گومان ده‌كرێت رۆڵه‌كانیان سه‌ر به‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعش بووبن ناتوانن بگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان.

به‌ پێی راپۆرته‌كه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ له‌ به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، لوما فقیهـ رایگه‌یاندووه‌، پێشتر ئه‌و بڕیاره‌ له‌ قه‌زای به‌عاج سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ركراوه‌ و به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ ده‌یسه‌لمێنێت له‌وه‌ی تا ئێستا هێزه‌ عێراقییه‌كان، سزای به‌ كۆمه‌ڵ به‌سه‌ر كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌ گومان ده‌كرێت سه‌ربه‌ داعش بووبن په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، پێویسته‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كاندا بكات.

لوما فقیهـ گوتوویه‌تی: ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق جددیه‌ له‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گومان ده‌كرێت رۆڵه‌كانیان سه‌ر به‌ داعش بووبن، به‌ بێ‌ تاوان له‌قه‌ڵه‌میان ده‌دات، پێویسته‌ هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات و رێگه‌ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش نه‌دات تۆڵه‌ له‌و خێزانانه‌ بكه‌نه‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌شكردووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریان خستووه‌ كه‌ حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق، تا ئێستا هیچ رێوشوێنێكی نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر تا رێگری له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكات له‌وه‌ی سزای به‌كۆمه‌ڵ به‌رامبه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ په‌یڕه‌و نه‌كه‌ن.

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌ به‌رواری حه‌وتی مانگی شوباتی رابردوودا له‌ قه‌زای به‌عاج رۆژئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ نێوان ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی به‌در و هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكهۆز و موختاره‌كانی ناوچه‌كه‌ ساز كراوه‌ رایگه‌یانراوه‌ كه‌ په‌یڕوكردنی سزای به‌ كۆمه‌ڵ به‌رامبه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ گومان ده‌كرێت رۆڵه‌كانیان سه‌ربه‌ داعش بووبن به‌شێكه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌و قه‌زایه‌.

 

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.