Erbil 6°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 21:38

یه‌کێتى تۆپی پێی کوردستان چه‌ند بریار و راسپارده‌یه‌کى نوێی ده‌رکرد

به‌ئاماده‌بوونى ستافى یه‌كێتیه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو
کوردستان TV
100%


1- خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان به‌ دوو قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێت، واته‌ دواى كۆتای هاتنى یارییه‌كانى قۆناغى یه‌كه‌م، یارییه‌كانى قۆناغى دووه‌م ده‌ست پێده‌كات.

2- به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رانى یانه‌ پله‌دووه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى قۆناغى دووه‌مى خولى پله‌دووه‌ى كوردستان، له‌سه‌ر داواى خۆیان بریاردرا به‌:
• یارییه‌كان به‌ شێوازى ده‌رچوون به‌ دوو دۆران ئه‌نجام بدرێت.
• هه‌شت یانه‌كه‌ به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ به‌ پێی ناوچه‌ى جوگرافى دابه‌ش بكرێت به‌مشێوه‌یه‌: گرووپى یه‌كه‌م: (ئاسۆ، بروسك، شه‌قڵاوه‌ و شێخان)، گرووپى دووه‌م: (چه‌مچه‌ماڵ، رزگارى، بازیان و خانه‌قین).
• سه‌رجه‌م كارته‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌كانى یاریزانان ده‌سرێته‌وه‌.
• بۆ هه‌ر یانه‌یه‌ك سێ یاریزان له‌ لیستى یاریزانان (كشوفات) زیاد ده‌كرێت.
• یارییه‌كانى یانه‌ى خانه‌قین له‌ یاریگه‌ى چیمه‌نى ده‌ستكرد ئه‌نجام ده‌درێت.

3- له‌ یارى نێوان زاخۆ و دهۆك له‌ خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان، به‌ هۆى ده‌رچوون له‌ گیانى وه‌رزشى هێرش كردنه‌ سه‌ر یاریزانان، له‌ لایه‌ن یاریزانى یانه‌ى دهۆك (خالید لوئه‌ى) ژماره‌ (5) بریاردرا:
• راگرتنى بۆ یه‌ك یارى له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى كارته‌ سووره‌كه‌ى، واته‌ دوو یارى ناتوانێ یارى بكات.
• غه‌رامه‌كردنى ناوبراو به‌ بڕى 150000 سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.

4- له‌ یارى نێوان بروسك و مه‌خموور له‌ خولى یانه‌ پله‌دووه‌كانى كوردستان، به‌ هۆى دروستكردنى ئاژاوه‌ و هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوبژیوانانى یارییه‌كه‌ و به‌كارهێنانى چه‌قۆ له‌ لایه‌ن هانده‌رانى یانه‌ى مه‌خموور، بریاردرا به‌:
• غه‌رامه‌كردنى یانه‌ى مه‌خموور به‌ بڕى 1000000 یه‌ك ملیۆن دینار.
• سێ یاری لە یارییه‌كانى یانه‌ى مه‌خموور له‌ وه‌رزى 2018/2019 له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاریگه‌ى خۆى ئه‌نجام ده‌درێت.

5- له‌ یارى نێوان هه‌ندرێن و زاخۆ له‌ خولى نایابى كوردستان، به‌ هۆى به‌كارهێنانى وته‌ى ناشیرین و جوێندان له‌ لایه‌ن راهێنه‌رى یانه‌ى زاخۆ (ناجى عومه‌ر) بریاردرا:
• راگرتنى ناوبراو بۆ دوو یارى، كه‌ نابێ یاوه‌رى تیپه‌كه‌ى بكات.
• غه‌رامه‌كردنى به‌ بڕى 250000 دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.

6- دواى لێكۆڵینه‌وه‌ و سه‌ردانى مه‌یدانى لێژنه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ هه‌ردوو شارى سه‌یدسادق و وارماوه‌، تایبه‌ت به‌ یارییه‌كه‌ى نێوان شه‌هیدان و سه‌یدسادق له‌ خولى پله‌یه‌كى كوردستان، به‌ پێی راپۆرت و روونكردنه‌وه‌ى سه‌رپه‌رشتیار و ده‌سته‌ى ناوبژیوانان و وه‌رگرتنى راى جه‌ماوه‌رى هه‌ردوو یانه‌، بریاردرا:
• دوورخستنه‌وه‌ى سه‌رپه‌رشتیارى یارى (سه‌لام مه‌حموود) تا كۆتایی هاتنى یارییه‌كانى وه‌رزى 2017/2018 ـى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان، ئه‌مه‌یش به‌ هۆى ناوزڕاندنى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان و كه‌مته‌رخه‌مى له‌ كاره‌كه‌یدا.
• راگرتنى ناوبژیوانى ناوه‌ڕاستى یارییه‌كه‌ (هێرش عوسمان) بۆ سێ یارى به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى له‌ كاره‌كه‌یدا و به‌رێوه‌بردنى یارییه‌كه‌.
• راگرتنى یاریزانى یانه‌ى شه‌هیدان (هه‌رێم حوسێن) ژماره‌ (37) بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ، له‌ 2018/4/21 تا 2019/4/21.
• ته‌واوكردنى یارییه‌كه‌ به‌ هه‌مان لیستى یاریزانان و ئه‌نجام و سزاكان، له‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ 2018/4/23 له‌ كاتژمێر 4:00 ـى ئێواره‌وه‌ له‌ یاریگه‌ى یانه‌ى كۆیه‌، به‌ بێ ئاماده‌بوونى جه‌ماوه‌رى هه‌ردوو یانه‌.
• ئه‌نجامدانى یارییه‌كانى داهاتووى هه‌ردوو یانه‌ى سه‌یدسادق و شه‌هیدان له‌ خولى پله‌یه‌كى كوردستان، له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاریگه‌ى خۆیان به‌ بێ ئاماده‌بوونى جه‌ماوه‌ر، كه‌ دوورى یاریگه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ى خۆیانه‌وه‌ له‌ (200) كم كه‌متر نه‌بێت.
• غه‌رامه‌كردنى هه‌ردوو یانه‌ى شه‌هیدان و سه‌یدسادق به‌ بڕى 1500000 یه‌ك ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار بۆ هه‌ر یه‌كێكیان.
• تا كێشه‌ى هانده‌رانى ناڕازى یانه‌ى شه‌هیدان له‌گه‌ڵ كارگێرانى یانه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، یه‌كێتییه‌كه‌مان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى كارگێرى یانه‌ى شه‌هیدان ناكات.
• له‌ كاتى دووباره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ ره‌فتار و كێشانه‌، له‌ لایه‌ن هه‌ردوو یانه‌ى شه‌هیدان و سه‌یدسادق، ئه‌وا یانه‌كه‌یان یه‌ك پله‌ بۆ خواره‌وه‌ داده‌به‌زێت.

7- به‌ ناوى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان، سوپاس و پێزانین پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌رى یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌مساڵ به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر شارستانى و جوان له‌ خولى پله‌یه‌كى كوردستان هانى یانه‌كه‌ى خۆیان داوه‌ و رێزیان له‌ تیپى میوان گرتووه‌، ده‌ستخۆشى تایبه‌تیش له‌ هانده‌ره‌ ئافره‌ته‌كانیان ده‌كه‌ین، كه‌ شان به‌ شانى باوك و برا و هاوسه‌ره‌كانیان له‌ یاریگه‌ ئاماده‌ ده‌بن و خوله‌كه‌یان جوانتر كردووه‌، به‌ هیواى ئه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى سه‌رجه‌م یانه‌كانى كوردستان چاو له‌ هانده‌رانى ده‌ربه‌ندیخان بكه‌ن.

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.