Erbil 13°C پێنجشەممە 14 تشرینی دووەم 21:08

له‌ هه‌ولێر ساڵیادی کاره‌ساتی ئه‌نفال کرایه‌وه‌

30 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ تێپه‌ڕده‌بێت
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌ولێر به‌ بۆنه‌ی سی ساڵه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال رێوڕه‌سمێكی له‌ پاركی شار له‌ ناوه‌ڕاستی بازاڕی شاری هه‌ولێر رێكخست.

له‌و رێوڕه‌سمه‌دا كه‌ گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم، سه‌فین دزه‌یی و پارێزگاری هه‌ولێر، نه‌وزاد هادی و بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، به‌ره‌ڤان حه‌مدی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و خه‌ڵكی دیكه‌ ئاماده‌ی بووبوون ته‌سبیحێكی 800 مه‌تری خرابوویه‌ روو كه‌ 182 هه‌زار ناوكی زه‌یتوونی تێدا به‌كارهاتووه‌ و له‌ لایه‌ن گه‌نجێكه‌وه‌ بۆ ئه‌و یاده‌ ئاماده‌كرابوو، له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین تابلۆ نیگاركرابوون كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكه‌وه‌ بۆ ئه‌م یاده‌ نه‌خێشنرابوون.

ktv

له‌ لێدوانێكدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن پارێزگاری هه‌ولێر، نه‌وزاد هادی رایگه‌یاند : ئه‌مڕۆ به‌هاوكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان هه‌ڵساین به‌م رێوڕه‌سمه‌ و مامۆستا هونه‌ر ته‌زبیحێكی له‌م رێوڕه‌سمه‌ خستووه‌ته‌ روو وه‌كو هێمایه‌ك بۆ قوربانییانی ئه‌نفال كه‌ رژێمی دڕنده‌ی پێشوو ویستی خه‌ڵكی كوردستان له‌ناو ببات و چه‌ندین شاڵاوی قورسیی زینده‌به‌چاڵی ده‌ستپێكرد و به‌چه‌ند قۆناغێك به‌ڕێوه‌چوو.

گوتیشی : ئێستا له‌بارودۆخێك ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌بێت ببێته‌ وانه‌یه‌كی گه‌وره‌ چۆن میلله‌تان توانیویانه‌ سوود له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانییان وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه‌ و ببێته‌ فاكته‌رێكی به‌هێز و ببێته‌ به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاوانی له‌و جۆره‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ هێشتا خه‌ڵكانێك به‌هه‌مان عه‌قڵییه‌ت بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و بینیمان ئه‌وه‌ی له‌ دووزخورماتوو روویدا تاوانێكی گه‌وره‌ بوو.

هه‌روه‌ها گوتیشی: بۆ خه‌ڵكی كوردستان یه‌كڕیزی و ته‌بایی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناو ماڵی كوردستان گرنگه‌، هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ لانكه‌ی پێكه‌وه‌ژیان بووه‌ و خه‌ڵكی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ فاكته‌ر بوون بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر و بنه‌بڕكردنی بیری تیرۆریستی، بۆیه‌ به‌هێزكردنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ و په‌ره‌پێدانی بۆ ئاینده‌مان به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ یه‌كڕیز و ته‌بابیین له‌نێو خۆماندا و له‌ به‌غدا به‌یه‌كڕیز به‌شداریی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی هه‌بوون دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌یه‌كڕیزی خه‌ڵكی كوردستان بتوانرێت داكۆكی لێ بكرێت و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی هه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.