سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە ھەزار و 250 بنكەی دەنگدان لە ھەرێمی كوردستان دەبن.
مازن عەبدولقادر، سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەك ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دیاركردنی وێستگە و بنكەكانی دەنگدان، لە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان كۆتایی پێھاتووە، لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان، هەزار و 257 بنکەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان ئامادەکراون".
روونیشیكردەوە: دوو هەزار و 563 وێستگەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادەکراون.
سەبارەت بە وێستگەكانی دەنگدان، ئاماژەی بەوەش كرد: 2563 وێستگەی دەنگدان لە هەولێر و 2947 وێستگە لە سلێمانی و 1664 وێستگە لە دهۆك ئامادەكراون.
وتیشى، لەگەڵ وەزارەتى شارەوانى و دەستەى ژینگە توانیویانە ڕێنمایی تایبەت دابنێین تایبەت بە هەڵمەتى هەڵبژاردن بۆئەوەى قەوارە و کاندیدەکان پابەندبن پێى و ئەو ڕێنماییانە دەدرێت بە هەموو کاندید و حزبەکان.
سەرۆکى دەستەى باڵاى هەڵبژاردن لەهەرێمى کوردستان هۆشدارى ئەوەشی دا، هەر حزب و لایەنێک پابەندى ئەو ڕێنماییانە نەبێت ئەوە سزادەدرێت.
وتەبێژی دەستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لە هەرێم ئاماژەی بەوەش كرد: لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكان بەكار دەهێندرێت و ئەوەش ڕێگر دەبێت لە ئەنجامدانی ساختەكاری و خێرا ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان.
جێگای ئاماژە بۆكردنە بڕیارە لە ڕۆژی 12-5-2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت و لەڕۆژی 14ی نیسان لەپارێزگاكانی عێراق و لەڕۆژی 15ی نیسان لەپارێزگاكانی هەرێم بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ دەكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.