Erbil 16°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 19:47

ئه‌مڕۆ 15 ساڵ به‌سه‌ر بۆردومانکردنی به‌ هه‌ڵه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری دیبه‌گه‌ تێپه‌ڕده‌بێت

به‌هۆی به‌هه‌ڵه‌ بۆردومانكردنی ئه‌مه‌ریكا 18 پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون
ئه‌مڕۆ 15 ساڵ به‌سه‌ر بۆردومانكردنی به‌ هه‌ڵه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری دیبه‌گه‌ تێپه‌ڕده‌بێت
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ یادی 15 ساڵه‌ی بۆردومانكردنی به‌ هه‌ڵه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌ له‌ سنووری دیبه‌گه‌ له‌ لایه‌ن فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ كاتی پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراق كه‌ تیایدا 18 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و فه‌رمانده‌ وه‌جیھ بارزانی و 45 پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ بریندار بوون. 

له‌ 6ـی نیسانی ساڵی 2003 و له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق له‌ ده‌ست رژێمی به‌عس كه‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تی ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌كرد، به‌هۆی به‌هه‌ڵه‌ بۆردومانكردنی ئه‌مه‌ریكا؛ 18 پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شه‌هید بوون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندار بوون كه‌ یه‌كێكیان فه‌رمانده‌ وه‌جیھ بارزانی، برای سه‌رۆك بارزانی بوو، هه‌ر به‌ هۆی ئه‌و بۆردومانكردنه‌ هه‌ڵه‌یه‌ چوار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكاش گیانیان به‌خت كرد . 

له‌و كاته‌دا كه‌ هێزه‌كانى هاوپه‌یمان له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆسه‌ى ئازادكردنى عێراقدا له‌ سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وام و پێشڕه‌ویكردندا بوون پێش نیوه‌ڕۆى 6ـى نیسانى 2003 و له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ رووداوێكى دڵته‌زین كوردستان و عێراق و جیهانیشى دڵته‌نگ كرد، كاتێك له‌ هێڵى هه‌ولێر دیبه‌گه‌ فرۆِكه‌كانى هاوپه‌یمان به‌هه‌ڵه‌ هێزێكى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كانیان بۆمباران كرد و له‌ئه‌نجامدا 18 پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ى قاره‌مانى كوردستان شه‌هید بوون و 45ـی دیكه‌ش برینداربوون. 

له‌ ناو برینداره‌كاندا فه‌رمانده‌ وه‌جییه‌ بارزانى براى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییه‌، هه‌رله‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌دا چوار سه‌ربازى هێزه‌ تایبه‌ته‌كانى ئه‌مریكاش گیانیان له‌ده‌ستدا . 

ئه‌و پۆله‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌ى له‌و رووداوه‌دا شه‌هیدبوون شه‌هیدانى ئازادى عێراق بوون كه‌ له‌ پێناوى ئازادبوونى عێراقدا گیانى خۆیان به‌خت كرد، ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك بوون گیانى خۆیان كرده‌ قوربانى له‌ پێناوى له‌ گۆڕنانى ئه‌و رژیمه‌ زاڵمه‌ى كه‌ كوردى ئه‌نفال كرد و چوار هه‌زار گوندى كوردستانى وێران كرد و سه‌دان هه‌زار كوردى بێسه‌روو شوێن كرد، ئه‌و رژیمه‌ى كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و چه‌ندین شوێنى دیكه‌ى كوردستانى كیمیاباران كرد.

هه‌ڤالانى وه‌جیھ‌ بارزانی، ده‌سته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كى ده‌سته‌بژێرو خودان ئه‌زموون و لێهاتوو بوون، وه‌كو هه‌موو پیشمه‌رگه‌یه‌كى شۆڕشگێڕ خوازیارى ئه‌و رۆژه‌ مێژووییه‌ بوون كه‌ كه‌وتنى رژیمه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ى به‌غدا به‌چاوى خۆیان ببینن ، زۆربه‌ى ئه‌وان ده‌یان ساڵ بوو پێشمه‌رگه‌ بوون و له‌ پێناوى ئازادى و دۆزی ره‌واى كوردستاندا خه‌باتیان ده‌كرد. 

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌موو شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كاندا به‌ خوێن و گیانی خۆیان خه‌باتیان بۆ ئازادیی كوردستان كردووه‌ و له‌ پێناوه‌دا هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون . 

له‌ دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراقیش پێشمه‌رگه‌ هه‌میشه‌ پارێزه‌ری كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی بووه‌ و له‌ شه‌ڕی دژی داعش له‌ ساڵی 2014 وه‌ ئه‌فسانه‌ی داعشیان تێكشكاند و له‌ پێناو به‌رگری له‌ كوردستان و مرۆڤایه‌تی بۆ هه‌موو جیهان زیاتر له‌ 1900 ێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و نزیكه‌ی 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ش بریندار بوون . 

هه‌روه‌ها له‌ دوای داگیركردنی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق به‌ پشتگیریی سوپای پاسدارانی ئێران، پێشمه‌رگه‌ ئه‌و پیلانه‌ی تێكشكاند كه‌ به‌ نه‌هێشتنی كیانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان دانرابوو و له‌ داستانه‌ نه‌به‌رد و بێوێنه‌كانی پردێ، مه‌حمودیه‌ ، سحێلا و مه‌خموور شكستیان به‌ حه‌شد و هێزه‌كانی عێراقی هێنا و كوردستانیان له‌ پیلانه‌ گه‌وره‌یه‌ پاراست و له‌و داستانانه‌شدا پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و برینداری به‌خشی .
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.