جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70 ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند كە پێكهاتەكانی شاری كەركووك جگە لە شیعەكان لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین هەروەها دەشڵێت، كورد لەوەتەی هەیە هێندەی ئێستا دۆخی لەو ناوچانەدا خراپ نەبووە .
جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70 ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ رایگەیاند كە هێزی پێشمەرگە یەك هێزە ، راستە لە ئەنجامی ئەو رووداوانەی لە 16ی ئۆكتۆبەر لە چەند لیوایەكیان لێكترازانێك بوو، بەڵام ئەوە نەبوو بەهۆی ئەوەی كەلێنێك بكەوێتە نێوان هێزەكانی پێشمەرگەوە، هەر لەسەرەتای شەڕەكانی داعشەوە تا ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەكان پێكەوە بوون و بەهیچ شێوەیەك بیر لەوە نەكراوەتەوە ئەم پێشمەرگانە هی چ حزبێكن و نەچوونەتە ناو ئەو ململانێیانەی كە لە گۆڕەپانەكەدا هەبووە .
جەعفەر شێخ مستەفا لەبارەی دۆخی دانیشتووانی كورد لە شاری كەركووك و ناوچەكانی تر كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا و دوای كشانەوەی پێشمەرگە، ئەو ناوچانە كەوتنە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی عێراقەوە كە دۆخی ئەوان دۆخێكی زۆر خراپە لە هەموو روویەكەوە، سەرەتا هێزە عێراقییەكان بەهیچ شێوەیەك نەیانتوانیوە ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو ناوچانە دابین بكەن و بوون بەهەڕەشەیەكی گەورە لەسەریان بە سوننە و كورد و مەسیحی . روونیشیكردەوە كە خەڵكی ناوچەكە داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكەن بۆ ناوچەكە، بەڵام ئەوەش ئاستەنگ و كێشەی خۆی هەیە.
لەو بارەیەوە گوتی: گەڕانەوەی پێشمەرگە بەشەڕ بۆ ئەو ناوچانە ماڵوێرانی تووشی دانیشتووانەكەی دەكات، بۆیە هەوڵ دەدەین لە رێگەی گفتوگۆ و دانیشتنەوە لەگەڵ عێراقییەكان بە ئامادەبوونی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان رێگایەك بدۆزینەوە، چونكە عێراق بەدڵنیاییەوە ناتوانێت ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین بكات ، بۆیە ئێستا لەهەوڵی ئەوەدان هێزی هاوبەش و ژووری عەمەلیات دروست بكرێت، ئێستا ئەمریكاش هەوڵی ئەوە دەدات كە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی كارێك بكەن كە هێزی پێشمەرگە وەك جاران بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە بۆ پاراستنی خەڵكەكە، بەڵام تائێستا نەبووەتە عەمەلی .
لەبارەی رۆڵی ئەمریكا لە پاراستنی دۆخی ناوچەكە و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا بە نیگەرانییەوە ئاماژەیدا كە بەدڵنیاییەوە لەو بابەتەدا زۆر گلەییمان لە ئەمریكا هەبووە، بەڵام ناتوانین بڵێین واز لە دۆستایەتی ئەمریكا دەهێنین، ئێمە گلەییمان لێی هەبووە و گلەیی خۆشمان لێكردوون لە ئاست سەركردایەتی سیاسی كورد و حكوومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم، هەروەها لە ئاستی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەییەكان پێمان گوتوون كە ئەگەر ئێوە گڵۆپی سەوزتان بۆ عێراق هەڵنەكردایە ئەوا عێراق هەرگیز نەیدەتوانی بەو شێوەیە بێت و پەلاماری هێزەكانی پێشمەرگە بدات، بەڵام ئێستا گوشاری زۆری لەسەر عێراق هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەو پشتیوانییەی ئێستا دەیكەن پشتیوانییەكی گەورەیە .
سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.