مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان کردووەو دۆسیەیەکیان پێ داوە کە دۆسیەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی تێدا بووە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەبادی قسەیان کردووە و ئەویش بە تێبینی لای خۆی نووسیویەتی کە پێویستە ئەو بودجەیەی بە شەهید و ئەنفالکراوان دەدرێ، بخرێتە سەر بودجەی عێراق، بەپێی دەستوور.
مەحموود حاجی ساڵح گوتیشی" بە ئاگاداریی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەم داواکارییە بووەتە بڕیار و لە داهاتوودا لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکەمان و دامەزراوەی شەهیدانی عێراقی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێک دەهێندرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاشکرای کرد، لێژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە لیستی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی پێکدەهێندرێت. جەختیشی لەوە کردەوە: ”مەبەستمان نییە مووچەی کەس ببڕین، بەڵام هەر کەسێک بەڵگەی هەیە کەسێک بە نایاسایی کراوەتە شەهید، با بۆمان بنێرێت، ئێمەش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین“.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 100 هەزار کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی، نزیکەی 40 ملیار دینار وەردەگرن و وەزارەتەکەشیان 1430 فەرمانبەری هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.