لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى فیدراڵ و دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن، داوا لە گشت لایەنە سیاسییەکان و هاوڵاتیان و پالێوراوان و لایەنگرانیان دەکەین کە لەکاتى ئەنجامدانى بانگەشەى هەڵبژاردن، پابەندى ئەم خاڵانەى خوارەوە بن:
• حکومەتى هەرێمى کورستان جەخت دەکاتەوە لەسەر پاراستنى مافى گشت پالێوراوان و لیست و لایەنە سیاسییەکانى کوردستانى و عێراقى کە بە فەرمى تۆمار کراون لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردەکان، بۆ ئەنجامدانى چاڵاکییەکانیان و بانگەشەکردن بە ئازادى و لە چوارچێوەى یاسا و رێنماییەکان. هەر پالێوراوێک و لیستێکى هەڵبژاردن یان لایەنى سیاسى لەکاتى روودانى هەر دەستدرێژییەک لە هەر لایەکەوە بۆى هەیە سەردانى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات.
• پێویستە پرۆسەى بانگەشەى هەڵبژاردن بە گیانى یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لە راى بەرامبەر و رەچاوى بنەماکانى مافى ئازادى رادەبرین بەڕێوە بچێت و گشت لایەنەکان خۆیان بەدوور بگرن لە هەر جۆرە توندوتیژى و ناوزڕاندن و کارى نایاسایى. و پابەندبن بە رێسا و رێنماییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و یاسا پەیرەوکراوەکانى حکومەتى هەرێم.
• پێویستە گشت فەرمانگەکانى حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگى تەواو بکەن لەگەڵ کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، و کار بکەن بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى بانگەشە و ئەنجامدانى هەڵبژاردن بەپێى بنەماکانى مافى مرۆڤـ و پاراستنى مافى دەنگدەران و پالێوراوان و هاوڵاتیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.