Erbil 24°C ھەینی 20 ئەیلوول 06:45

ڕوسیا وەڵامی ئەمریکا و چەند دەوڵەتێکی ئەوروپای دایەوە

دەیان دیپلۆماتکاری رووسی له‌ وڵاتان ده‌رده‌كرێت
کوردستان TV
100%


وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بەڵێنی دا وەڵامی هەڵویستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەو 14 دەوڵەتەی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا بداتەوە، کە دەیان دیپلۆماتکاری ڕوسیایان لە وڵاتەکەیان دەرکرد، لەسەر دۆسیەی ژەهراویکردنی سیخوڕێکی پێشووی ڕوسیا و کچەکەی لە بەریتانیا.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی روسیا ڕایگەیاند، نیگەرانی و ناڕەزایی توندی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەو بڕیارەی کە ژمارەیەک لە دەوڵەتانی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا دایان بۆ دوورخستنەوە و دەرکردنی دیپلۆماتکارە ڕوسەکان لە وڵاتەکانیان.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئەو هەنگاوانە مایەی بێزاری و توڕەییە و بێهەڵوێست نابین و وەڵامی دەدەینەوە.

ڕوسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هەنگاوە زیان دەگەیەنێت بە زانین و ناسینەوەی لایەنی تاوانبار لە هێرشکردنە سەر سێرگی سکریبال و کچەکەی لە شاری سالزبری بەریتانیا.

هاوکات ڕوسیا ئەو هەنگاوەی ئەو 14 دەوڵەتەی ئەوروپای بە "ماستاوکردن" بۆ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ناوبرد، چونکە هیچ وردەکارییەکیان لەسەر ڕووداوەکە نەکردووە، و ئاماژەشی بەوە کردووە کە ئەو هەنگاوانە دەچنە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوە بە ئامانجی ئالۆزکردنی دۆخەکە.

ڕوسیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەسەڵاتدارانی بەریتانی تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی مۆسکۆ کردووە.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دوو شەممە هەریەکە لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا و پۆڵەندا و هۆڵەندا و ئۆکرانیا و لاتڤیا و لیتوانیا و کۆماری چیک، بە بیانووی دۆسیەی ژەهراویکردنی سیخوڕەکەی پێشووی ڕوسیا لە بەریتانیا، دیپلۆماتکارەکانی ڕوسیایان لە وڵاتەکانیان دەرکرد.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش 60 دیپلۆماتکاری تری ڕوسیای دەرکردووە و ڕاشیگەیاندووە، ئەو کەسانە سیخوڕبوون.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانیکرد بە داخستنی کونسوڵخانەی ڕوسیا لە سیاتڵ.

لە بەرامبەریشدا ئەنجومەنی فیدراڵی ڕوسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ لە پای هەڵوێستی واشنتۆن، بەلای کەمەوە 60 دیپلۆماتکاری ئەمریکا لە وڵاتەکەی دەردەکات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.