Erbil 13°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 16:51

نێچیرڤان بارزانى جه‌ژنى نه‌ورۆز پیرۆز ده‌کات

گەلی كوردستان لە لێواری كارەساتدا نییە، بەڵكو لە لێواری سەركەوتن و گەشەكردنەوەیەكی تازەدایە
کوردستان TV
#7
100%


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ 20/3/2018 بەبۆنەی جەژنی نەورۆزه‌وه‌ له‌ په‌یامێكى ڤیدیۆییدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، جەژنە پیرۆزه‌ى لە گەلی كوردستان و هەموو گەلانی ناوچەكە كرد و دڵنیایی دا كە كوردستان لە لێواری كارەساتدا نییە، بەڵكو لە لێواری سەركەوتن و گەشەكردنەوەیەكی تازەدایە. ئه‌مه‌ ده‌قى پەیامی نەورۆزیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی یه‌:
 
 
كوردستانیانى خۆشەویست،
 
جه‌ژنە پیرۆزە و سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیم، پێشكه‌ش به‌ گەورە و بچووكی گەلی كوردستان دەكەم، پیرۆزبایی لە هەموو كوردێك دەكەم لە هەر كوێیەكی دنیا بێت. نەورۆز و ساڵی تازەی كوردی لە هەمووتان پیرۆز بێت.
 
ئـاگری نەورۆز لە مێژوودا هێما بووە بۆ ڕزگاری، كه‌ بۆ باوك و باپیرانمان و بۆ هەموو كوردێك، ئامانجى درێژاییی تەمەنە. لەبەر ئـەوە، سەرلەئـێوارەی ڕۆژی نەورۆز و ئـاگرە گەشاوەكەی، جگه‌ له‌ هێمای ڕزگاری، هێمای هەڵسانەوەی دوای كەوتن و تازەكردنەوەی بڕیار و بەڵێن بووە، بۆ درێژەدان به‌ خەبات. خه‌باتێك، ئه‌وه‌نده‌ گیانفیدایی و فرمێسك و تەمەنی جوانی بۆ كراوەتە قوربانی، ئـێمەی نەوەكانی دوای ئەوان، خۆمان لەبەردەم تەنها یەك ڕێگەدا بینییەوە، ئـەویش بەردەوامبوون تا سەركەوتن.
 
لە نەورۆزدا ڕۆحی هەڵسانەوە، خۆڕاگری و دەستپێكردنەوەى به‌رده‌وامیى خەبات، دوای سەختترین شكستەكانیش، سەرلەنوێ لای كورد ژیاوەتەوە. نەورۆز ساڵانە بۆ هەموو نەتەوەی كورد و بۆ هەر تاكێكی كورد، سەرەتای بەهێزبوونەوە و نوێكردنەوەی ئیرادەی سەركەوتنە، هەروەك چۆن بۆ باوك و باپیرانمان هێمای كۆڵنەدان و نەبەزین بووە. ئـەگەر هەندێك جار بەهۆی لاسەنگیی تەرازووی هێزەكانه‌وه‌، تووشی شكستیش بووبن، به‌ڵام بە ڕووحییەتێكی نەورۆزییانەی باوەڕبه‌خۆبوون، بە سەركەوتن، لە نەورۆزدا دەستیان داوه‌ته‌وه‌ خه‌بات.
 
زۆر بە متمانه‌ و بڕواوه‌ لێرەدا دەمەوێ بڵێم، مێژووی كوردستان ئـەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر لە ژانی لەدایكبوونێكی تازەدایە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و دەسەڵاتداریه‌تیی كوردستانیش گەیشتووەتە قۆناغێكی ئەوتۆ كە ناتوانرێت لەنێو ببرێت، چونكە ئەو دەسەڵاتە بەرهەمی خەباتی پێشمەرگه‌ و خۆڕاگریى خەڵكی كوردستانە.
 
بەڕێزان، كوردستان لە لێواری كارەساتدا نییە وەك هەندێك كەس وا باوەڕ دەكەن، بەڵكو بە دیالۆگی تەندروستانەی ناوخۆیی و بە یەكگرتوویی، دەتوانین كوردستان زۆر زیاتر لە داهاتوویه‌كی گەشتر، نزیك بكەینەوە.
 
هەرێمی كوردستان بە هۆی شەڕی داعشه‌وه‌ لەلایەك، ناتەباییی سیاسیی ناوخۆ، كێشەی سیاسی لەگەڵ بەغدا لەلایەكی دیكەوە، هەروەها بەهۆی كێشەی ئـابووری لە جیهاندا، تووشى زۆر سه‌ختى بوو. له‌ هه‌مووشیان ناخۆشتر بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان بوو له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2014 له‌لایه‌ن به‌غداوه‌. لە هەمووی گەورەتر بێگومان كێشەی ئـابووری بوو، بەڵام حەز دەكەم دڵنیاتان بكەمەوە، باری ئـابووری دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاساییی خۆی، بە هاوكاری و خۆڕاگریی هەمووتان، هەموو شتێك ئاسایی دەبێتەوە. لە كانگەی دڵیشمەوە هەست بە خەمباری دەكەم بۆ ئـێش و ئـازارتان. ئـەو بارە ئـابوورییە سه‌خته‌ى هەیە، گومانی تێدا نییە تێدەپەڕێت.
 
له‌م ڕۆژه‌دا، لە ڕۆژی نەورۆزدا، دڵی ئـێمە بۆ یادی ئـەو قارەمانانە لێ دەدات كە گیانی خۆیان بۆ بەرگری لە كوردستان كردە قوربانی. سڵاو لە گیانی پاكی ئـەوان، سڵاو لە هاوسەر، منداڵ، دایك و باوك و كەسوكاریان. ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ و له‌ دڵى ئێمه‌دان ده‌مێننه‌وه‌.
 
سڵاوی گەرم دەنێرم بۆ خوشك و برایانى ئێزدیمان، كە لە شەڕی داعشدا زۆرترین قوربانییان دا و گەورەترین ئـازاریان كێشا. شنگال شان بە شانی هەڵەبجە، بووە تاجی سەری مێژووی پڕ قوربانیی گه‌له‌كه‌مان. ڕاستە برین و دەرد و خه‌مه‌كانمان لە شنگال زۆر قووڵن، بەڵام بە دڵنیایییەوە ئـەو برین و دەردانە، هەوێنی ڕزگاری و دواڕۆژێكی گەشترن بۆ ئـێزدییان و تەواوی گەلی كوردستان.
 
سڵاوی گەرم و جەژنە پیرۆزە بۆ ئاوارەكانی كەركووك، شنگال، مەخموور، خانەقین، ناوچەكانی دیكە و دانیشتوانی ناوچە كێشەلەسەرەكان. جەژنە پیرۆزە بۆ كوردانی فەیلی و كاكەیی و شەبەك، كە بێگومان ئـەمڕۆ لەگەڵ گڕی نەورۆزدا هەستی نەتەوەییان لە هەموو ڕۆژێك به‌رزتره‌. جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو پەنابەرە كوردانە پیرۆز دەكەم كە لە هەرێمی كوردستان دەژین، هیوادارم بتوانن بە شێوەیەكی سەربەرزانە لە داهاتوویەكی نزیكدا بگەڕێنەوە سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان.
 
سڵاو لە توركمان و كریستیانانی كوردستان، بە ڕاستی پێكەوەژیان و بەشدارییان لە بەرگریكردن و خۆڕاگرییان لە كوردستان، جێگەی ڕێز و ستایشە. سڵاو لە برایانی عەرەبی نیشتەجێ لە هەرێمی كوردستان و ئێمه‌ له‌م ڕۆژه‌دا به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان دەڵێین: وەك هەمیشە سوورین لەسەر پێكەوەژیانێكی ئاشتیانەی یەكسان لە هەرێمی كوردستان.
 
له‌م ڕۆژه‌دا، سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان كە گیانیان له‌سه‌ر ده‌سته بۆ بەرگریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان. سڵاو لە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسى هاتوچۆ و هەموو هێزەكانی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان، كە زۆر سەركەوتووانە ئاسایشی خەڵك و ئارامیی كوردستان دەپارێزن.
 
له‌م ده‌رفه‌ته‌دا، سڵاوى خۆم پێشكه‌ش به‌ گەلی عێراقى برا ده‌كەم بەگشتی. پێیان ده‌ڵێین: باری سیاسیی وڵات هەرچۆنێك بێت و په‌یوه‌ندیى نێوان حكوومه‌ته‌كان به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، ئـێمە هه‌میشه‌ هەر بە برایی دەمێنینەوە. عێراق خاوەن سامانێكی سروشتی و مرۆییی گەورەیە، دڵنیاین بە چارەسەركردنی كێشە سیاسییە بنەڕەتییەكان و بە باشتركردنی باری وڵات و بەڕێوەبردن، عێراق بەرەو گەشانەوەیەكی باشتر دەچێت كە جێگەی چاوەڕوانیی گەلی عێراق بێت.
 
سڵاو دەنێرم بۆ هەموو گەلانی دراوسێى كورستان. لەم بۆنەیەدا دووبارەی دەكەمەوە: خەباتی كوردستان له‌ عێراق هیچ مەترسی و هەڕەشەیەك نەبووە و نابێت بۆ هیچ وڵاتێك. بە پێچەوانەوە سەركەوتنی گەلی كوردستان له‌ عێراق تەنها خۆشی بۆ ئەوان ده‌هێنێت. پەیامی ئاشتی و ئارامی ده‌ده‌ینه‌ هەموو گەلانی ناوچەكە و دڵنیایان دەكەینەوە ئێمە مایەی ئارامین بۆ ناوچەكە.
 
لە كۆتاییدا، جەژنه‌ پیرۆزه‌ لە هەموو ئەو گەلانە دەكەم كە جەژنی نەورۆز دەگێڕن. لە جەژنی نەورۆزدا، ڕێز و ستایشی خۆمان بۆ هەموو ئەو دەوڵەت و گەل و كەسایەتییانە دەردەبڕین كە ڕێز لە ئیرادە و ئارامیی گەلی كوردستان دەگرن. سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ئەو كونسولخانە و ڕێكخراوانەی كه‌ لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاوكار بوون لەگەڵ حكوومەت و گەلی كوردستان.
 
دووبارە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی كوردی، لە هەموو لایەك پیرۆز بێت، داوا لە هاووڵاتیان دەكەم لە دەرچوونیان و سەیرانەكانیاندا ژینگە و پاكوخاوێنی و سروشتی كوردستان بپارێزن، هه‌روه‌ها لەپێناو سەلامەتیی خۆیان و دەوروبەریان، ڕێنماییه‌كانى هاتووچۆ جێبەجێ بكەن.
 
دیسانه‌وه‌ جه‌ژنى هه‌مووتان پیرۆز بێت و هیواى پشوویه‌كى ئارامتان بۆ ده‌خوازم.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.