بەڕێزان: سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی
ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری
سڵاو رێز:
هەرچەندە هەوڵی زۆرمان دا لە پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە تایبەت بە شازدەی ئۆکتۆبەرو رۆژانی دوایی پێکبهێنرێت, بەڵام بە داخەوە ئەمە نەکرا, ئەگەر بشگەڕێینەوە پرۆتۆکۆلی دانیشتنەکانی پەرلەمان زۆر بە روونی دیارە کە کێ لە گەڵ ئەمە نەبووەو چۆنیش نەهێڵدرا ئەم لیژنەیە پێک بێت و تەنها تایبەت کرا بە رەوشی دوزخورماتوو.
بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەم لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی هەرسێ سەرۆکایەتی بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی گەڕان بەدوای راستیەکان(لێکۆڵینەوە) بدەن بە سەرۆکایەتی ئەندامێکی دادگای تەمیزو ئەندامێتی هەر یەک لە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆو ئەنجومەنی ئاسایش و داواکاری گشتی.
پێمان وایە ئەم لیژنەیە بۆ دەسکەوتنی بەڵگەو دیکۆمێنت و گەیشتن بە راستیەکان کەمترین کات و ماندوو بوونی پێویستە, چونکە لێدوانی کەناڵەکانی راگەیاندن و بەیاننامەکان کە وەک باران دادەبارێن بۆ وەڵامی زۆر پرسیار یەکلاکەرەوەن. سەردانەکان بۆ لای بەرپرسی گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی و گرێدانی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکان خۆیان دەدوێن و پێم وانیە تەحلیل و تەفسیر هەڵبگرن.
بەیاننامەو لێدوانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و فەرماندە سەربازیەکان و پێشمەرگەکان ئەرکی لیژنەکە ئاسانتر دەکەن.
کشانەوە لە دوازدە لیوای هاوبەش لە شەو رۆژێک و خۆ بە دوورگرتن لە شەری بەرگری و خستنە گەڕی ماکینەی ئیعلامی بۆ شکاندنی ورەی پێشمەرگە پرسیاری زۆر هەڵناگرێت.
دەرچوونی نووسراوی فەرمی لە وەزارەتی نەوتی عێراق لە رۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەر بە پێدانی بیست هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە پاڵاوگەیەک لە خزمەتی کارئاسانی لیژنەکە دەبێت. لێدوانە دژ بەیەکەکان و هەوڵەکانی دابەشکردنەوەی کوردستان و دەقی رێکەوتنەکان پارێزراون و بۆ لیژنەکە سوودیان دەبێت. خۆ ناشکرێت سوپاس و ستایشی سەرۆک وەزیران و سەرکردەکانی ئێران و حەشدی شەعبی نادیدە بگرین کە بە لێشاو تەقدیری مەوقفی پاشەکشەو تەسلیم کردنی کەرکوکیان دەکرد.
ئەمانە ئەو بەڵگەو دیکۆمێنتانەن کە بە خۆیان هاوار دەکەن و کەمترین ماندوو بوونیشی ناوێت. بەڵام زۆریشن ئەو دانیشتن و رێکەوتننانەی کە پێش کۆبوونەوەی دوکان ئەنجام دران و ئێمە کات و شوێن و ناوەرۆک و لایەنە بەشدارەکانیشی دەزانین. تەواوی ووردەکاری پیلانەکەو رۆڵی وڵاتانی هەرێمیش زانراوەو هەر کات لیژنەکە پێک هات بە ئامادەکراوی دەخرێتە بەردەستیان.
زۆر گرنگە ئەمەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر روویدا هەروا بە ئاسانی تێپەر نەکات, بۆ ئەوەی چیتر نیشتمان فرۆشتن بە نیشتمان پەروەری پێمان نەفرۆشرێتەوە.
رێزوتەقدیرم قبوڵ بکەن...
د. فەرسەت سۆفی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
١٩ی ئاداری ٢٠١٨
:
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.