Erbil 15°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 15:57

لەڕۆژی جیهانی ئافه‌رتاندا چه‌ند چالاکی بەڕێوەچوو

له‌ شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
کوردستان TV
#7
100%


ئەمڕۆ 8ی مارس لەڕۆژی جیهانی ئافه‌رتاندا چه‌ند کاروچالاک له‌ شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌چوو، ئافه‌ره‌تانی كوردیش له‌ ئه‌وروپا ئه‌م یاده‌ پیرۆزده‌كه‌ن.

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە (8 مارس)، ئەمڕۆ 8/3/2018، لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بەئامادە بوونی دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەت و خاتوو پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، بەشداری کرد لە کۆنفڕانسی پەرەپێدانی سەنتەرەکانی جێندەرناسی لە زانکۆکانی کوردستان.

لە وتەیەکدا، قوباد تاڵەبانی وێرای پیرۆزبایی لە ژنان و كچانی كوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانەوە، تیشکی خستە سەر کێشەکانی ژنان و جێندەرناسی لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی چارەسەر کردنی ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە کۆمەڵگاکەمان.

جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە دەبێت خێزان و پەوەردە و خوێندن ڕۆڵیان هەبێت لە بەرپا کردنی یەکسانی جێندەر و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە و جێندەرناسی دەتوانن کاریگەری خۆێان هەبێت لەو بارەیەوە.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە %52ی خوێندكارانی زانكۆ لە رەگەزی مێینەن لە هەرێمی كوردستاندا.

یوسف گۆران رایگەیاند، لەمیانی بەشداریكردنی لەكۆنفراسێكی تایبەت بە 8ی مارس ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، "ڕۆڵ و ئامادەیی خانمان لەكەرتی خوێندنی باڵا ئاماژەی پۆزەتیف دەبینین، لەئاستی خوێندنی بەكالۆریۆس لەزانكۆكانمان كچان ڕێژەی لە %52 ی خوێندكاران پێكدەهێنن، ئەوەش ڕەنگدانەوەی لێهاتوویی كچانی وڵاتەكەمانەكە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "رێژەی ژنان لەناو مامۆستایانی زانكۆ لە %35، لەكۆی گشتی كاندیدانی بەرنامەی تواناسازی ژنان تەنها %25 ی ڕێژەكەیان پێكدەهێنا.

هه‌روه‌ها له‌ شاری هه‌ولێر له‌ سه‌نته‌ری ئارام كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ حه‌واندنه‌وه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌كان، كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت حه‌وێندرانه‌ته‌وه‌ . به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ئارام داوا له‌ خێرخوازان ده‌كات هاوكاریان بكه‌ن تا بتوانن ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پێیداون بیكه‌ن به‌ لایه‌نه‌كی شیاو بۆ خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان و هه‌روه‌ها له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ هاوكاری بكرێن تاوه‌كو بتوانن خواردن و خۆراك بۆ خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان دابین بكه‌ن.  

لە شاری سلێمانیش چەند چالاکییەک بەڕێوەچوون، لە پارکی هەواری شار چالاکی کاری دەستی و پێشانگای کتێب و هەڵمەتی نەمام چاندن ئەنجامدرا و هاوکات لە پاسپۆرتی سلێمانیش خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بە ژنە کارمەندەکانى بەرێوەبەرایەتییەکە کرا.

به‌ به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جلی كوردی و هه‌شتی مارس كه‌ ڕۆژی جیهانی ئافره‌تانه‌، له‌ سۆران به‌ پۆشینی جلی كوردی یادی ئه‌و رۆژه‌ كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك چالاكی رۆشنبیری و هونه‌ری و كلتوری به‌ڕیوه‌چوو له‌و چالاكیانه‌دا ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت خه‌ڵاتكران.

لە هەڵەبجەش، ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان لەبەردەم بینای پارێزگای هەڵەبجە گردبونەوە و دوایانکرد نووسینگە یان بەرێوەبەرایەتییەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی دژى ژنان لە هەڵەبجە بکرێتەوە.

هه‌روه‌ها به‌ بۆنه‌ی هه‌شتی مارس رۆژی جیهانی ئافره‌تان له‌ سنووری شارۆچكه‌ی ئاكرێ چه‌ند چالاكییه‌ك به‌ڕێوه‌چوون.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ ئاماده‌بوونی ڤیان سه‌بری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و كارگێری لقی نۆ و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ له‌ ئافره‌تانی ئه‌نجوومه‌نی ئافه‌ره‌تان، ئه‌م رۆژه‌یان به‌ چه‌ند چالاكییه‌ك و له‌وانه‌ دابه‌شكردنی هاوكاری له‌ نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوونی منداڵان، به‌رز راگرت.

هه‌روه‌ها بۆ پیرۆزبایی كردن له‌ ئافره‌تانی كوردستان به‌ بۆنه‌ی هه‌شتی مارس، رۆژی جیهانی ئافره‌تان و هه‌روه‌ها بۆ به‌رز راگرتنی رۆژی جل و به‌رگی كوردی، مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانه‌كانی ده‌ڤه‌ری كه‌ندێناوه‌ به‌ ئاماده‌ بوونی به‌رپرسانی  ئیداری و حزبی و به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی مه‌خمور و سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی و مامۆستایان و قوتابیانی كه‌ندیناوه‌ رۆژی هه‌شتی مارس و رۆژی جل و به‌رگی كوردییان له‌ قوتابخانه‌كانی سنووری كه‌ندیناوه‌ به‌رز و پیرۆز راگرت.

لای خۆشیانه‌وه‌ ئافره‌تانی كورد له‌ تاراوگه‌ هه‌شتی مارس رۆژی جیهانی ئافره‌تان پیرۆز راده‌گرن و له‌م رۆژه‌دا سڵاوی خۆیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرنه‌وه‌ و هاوكات جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام پشتگیری له‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.