Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 02:57

وەزارەتى خوێندنى باڵا تێچووى تاقیکردنەوەى توانستی زمانی ئینگلیزی دەگرێتە ئەستۆ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نوسراوێكى بلاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%



وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە نووسراوێکدا بەژمارە (٣٨٥٨) کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٧/٣/٢٠١٨، کە لەلایەن د.یوسف گۆران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییەوە واژۆ کراوە، بڕیاری درێژکردنەوەى ماوەى شەش مانگی دیکە وەک دواین دەرفەت بۆ بەدەستهێنانى مەرجی توانستى زمانى ئینگلیزی بەپێى ناوەڕۆکى رێنمایی ژمارە (٤)ى ساڵى (٢٠١٦)ى خوێندنى ماستەر و بەپێى ناوەڕۆکى رێنمایی ژمارە (٥)ى ساڵى (٢٠١٦)ى خوێندنى دکتۆرا، لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ هەردوو (سیمستەرى زستانە و هاوینە)ى ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) درا.

لەو نووسراوەدا، ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئەم ماوە درێژکردنەوەیە لە رێککەوتى تێپەربوونى ساڵێک و سێ مانگ بەسەر ڕێککەوتى دەرچوونى فەرمانى زانکۆیی کاندیدان دەست پێدەکات، هەروەک بەپێى خاڵێکى دیکەى هەموارکراوەکەدا هاتووە: "درێژکردنەوەى ئەم ماوەیە تەنها ئەو کاندیدانە دەگرێتەوە کە بەبەڵگە و دۆکیۆمێنت دەیسەلمێنن لە ماوەى ڕابردوو بەشدارى خولى پەرەپێدانى تواناى زمانى ئینگلیزیان کردوە، یاخود یەکێک لە تاقیکردنەوەکانى (‪IELTS, TOEFL-iBT, TOEFL, Pearson-PTE‬)ى ئەنجامداوە، بەڵام نمرەى پێویستیان بەدەستنەهێناوە، بە پێچەوانەوە ئەو ماوەیەى سەرەوەیان بۆ درێژ ناکرێتەوە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەفەرمانى وەزارى ژمارە (٣٢٩) ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى ٧/٣/٢٠١٨، بە واژۆى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە، بڕیاردرا کە زانکۆکان لەو ماوەیەدا کە بۆ کاندیدەکان درێژدەکرێتەوە دەبێ خولى پەرەپێدانى تواناى زمانى ئینگلیزى لە سێنتەرەکانى زمان بۆ سەرجەم کاندیداکان بکەنەوە، بەشێوەیەک بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتى پەروەردە بەخۆڕایى بێت.

هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاری دا هەر کاندیدێکى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا کە مامۆستا یان فەرمانبەرى هەمیشەیی سەر بە دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بێت، دواى بەشداریکردنى لە  خولى پەرەپێدانى زمان لە سێنتەرەکانى زمان، دواتر نمرەى پێویستى یەکێک لە تاقیکردنەوەکانى (‪IELTS, TOEFL-iBT, TOEFL, Pearson Academic-PTE‬)  بە پێى ناوەڕۆکى رێنمایی ژمارە (٤)ى ساڵى (٢٠١٦)ى ماستەر و رێنمایی ژمارە (٥)ى ساڵى (٢٠١٦)ى دکتۆرا بەدەستهێنا، بۆ لەمەودوا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تێچووى دارایی تاقیکردنەوەى توانستی زمانی ئینگلیزی دەگرێتە ئەستۆ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.