Erbil 29°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 19:30

پەرلەمان و حکومەت و نوێنەرانى کورد له‌ به‌غدا کۆبوونه‌وه‌

پشکى کورد لە بودجەى عێراق
کوردستان TV
#7
100%


به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن لەسەر پشکى کورد لە پڕۆژە یاساى بودجەى گشتیی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕالیى عێراق، پەرلەمان و حکومەت و نوێنەرانى کورد كۆبوونه‌وه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە 6/3/2018، بە سه‌رپه‌رشتیی دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و خاتوو بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمان ئاماده‌بوونى سەرۆکى لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری و وەبەرهێنان و سەرۆکى لیژنەى کاروبارى یاسایى و سەرۆک فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان و هەریەک لە کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری و عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران و سەفین دزەیى، وتەبێژى فەرمیى حکومەتى هەرێم، لە تەلارى پەرلەمان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە.

سەرەتاى کۆبوونەوەکە نوێنەرانى کورد لە لیژنەى دارایى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ناوەڕۆکى پڕِۆژە یاساى بودجه‌ی عێراق  هه‌وڵه‌كانی نوێنه‌رانی كورد له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا خستەڕوو، بە تایبەت ئەو مادانەى كه‌ تایبەتن بە پشکى هەرێم.

دواتر ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە بەوردى لە ڕووى دەستوورى و یاسایى و هونەرى باسیان لە مادە و بڕگەکانى پڕۆژه‌ یاساکە کرد و سەرجەم ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە رۆڵى نوێنەرانى کوردییان لە فراکسیۆنە جیاوازەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەرزنرخاند، كه‌ یه‌کدەنگ بوون لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەى عێراق و وەک یەک تیم کاریان لەسەر پشکى کورد لە پڕۆژەکەدا کردووە، هەروەها باس له‌ هەوڵه‌كانى حکومەتى هەرێم بۆ گەیشتن بە رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا و هەنگاوەکانى داهاتوو دوای تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ بێ كورد كرا.

دواى کۆبوونەوەکە هەریەک لە سەرۆکى لیژنەى کاروبارى یاسایى و سه‌رۆكی لیژنەى دارایى و کاروبارى ئابوورى و وەبەرهێنان و نوێنەرانى کورد لە لیژنەى دارایى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێڕاق کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیى هاوبەشیان ئەنجامدا و تیایدا ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەیان بۆ راگەیاندنەکان خستەڕوو.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە حکومەتى هەرێم سەرپشک کراوە بۆئەوه‌ى چى بە قازانجى خەڵکى کوردستان و مووچەخۆران دەزانن ئەنجامى بدەن به‌وه‌ی كه‌ نەوت بە سەربەخۆ بفرۆشن یاخود رازیبن بەو بەشەى لە بودجەى عێڕاق بۆ هەرێم دیاریکراوە.

هەروەها باس لەوەشکراوە، کە سەرجەم فراکسیۆنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیِراق کۆبوونەوەى هاوبەش ئەنجامبدەن و راگەیه‌ندراوێک لەسەر مادە و بڕگەکانى پڕۆژە یاساى بودجەى تایبەت بە پشکى هەرێم بڵاو بکەنەوە بۆئەوەى خەڵکى کوردستان پێشچاوى ڕوون بێت.

لە کۆتایى کۆنگرەکەدا ئاماژە بەوەشکرا کە کۆبوونەوەى هاوبەش بەردەوامیى دەبێت بۆئەوەى بەیەک دەنگ کار بۆ مافى مووچەخۆران و خەڵکى کوردستان بکەن.


لای خۆشیه‌وه‌ سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 6/3/2018 کۆبوونەوەیەکی فراوان لە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەفین دزەیی بە ”کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری“ ناونا، تاوتوێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ و پشکی هەرێمی کوردستان کراوە، کە لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە 3/3/2018 پەسەند کرا و تێیدا ”رێز لە هاوبەشیی کوردستان نەگیرا“.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە لە ماوەی داهاتوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی جددیتر و یەکلاییکەرەوە لەبارەی ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق، ئەنجام دەدات.

رۆژی شەممە 3/3/2018، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پێکهاتەی سوننەمەزهەبی عێراق، بودجەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2018 پەسەند کرد.

بودجەی عێراق بۆ 2018، 104 تریلیۆن و 158 ملیار دینارە، لەو بەشە تەنیا شەش تریلیۆن و 597 ملیار دینار بۆ ئەمساڵی کوردستان دانراوە. ئەوەش لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا بڕیاردرابوو یەک تریلیۆنی دیکە بۆ پشکی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام پەرلەمان ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.