حکومەتی هەرێمی کوردستان ، رێگای هەولێر - کەرکووکی کردەوەو فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت" گشت رێگاکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە.
کەمال کەرکووکی، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، ئێوارەی ئهمرۆ هەینی 2-3-2018 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤوانیدا لە پردێ رایگەیاند" هەموو رێگاکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە کراوەن و هاونیشتمانیان دەتوانن بە ئازادی هاتووچۆیان تێدا بکەن".
لەبارەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیش گوتی" هەندێ گرفتی تەکنیکی بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان هەن، لە ئاییندەیەکی نزیکدا چارەسەردەکرێن و رێگاکە بۆ ئەوانیش کراوە دەبێت".
گوتیشی" پێشتر داخستنی رێگاکە بۆ پاراستنی هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان بوو، چونکە تەماعێکی گەورەی نەیاران ئەوەبوو هەولێر داگیربکرێت، بەڵام ئەو خەیاڵە و ئەو خەونە و ئەو پیلانەیان لەگەڵ پیلانی خۆفرۆشان، ئەوانەی دەستی نەیارانیان راکێشا و کەرکووکیان بەدەستەوەدا، پووچەڵبووەوە و هەتاهەتایە نایەتەدی".
جەختیشی کردەوە کە سەرجەم رێگاکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، واتا رێگاکانی هەولێر - مەخموور و دهۆک - موسڵ و ئەوانی دیکەش کراونەتەوە.
لەبارەی ئاییندەی کەرکووکیش گوتی" پشتیوان بە خواو پێشمەرگە و خەڵکی دڵسۆزی کەرکووک و کوردستان، رەوشی کەرکووک وەکو ئێستا نامێنێتەوە، یان بە گفتوگۆ، یان زۆر رێگەی دیکە هەن، دڵنیاتان دەکەینەوە بەمشێوەیە، بە داگیرکراوی نامێنێتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.